قوباد تاڵەبانی: یەکێتی حیزبی بڕیار و هێزی یەکلاکەرەوەیە لە هەموو عێراق
نهانیوز-هەواڵەکان
قوباد تاڵەبانی رایگەیاند کە یەکێتی حیزبی بڕیار و یەکلاکەرەوەیە لە هەموو عێراق، دەشڵێت"یەکێتی قورسترین ساتەوەختەکاندا گرێکوێرەی ئاڵۆزییەکان دەکاتەوە و چارەسەری واقیعبینانە دەخاتەڕوو".
یەکشەممە 1ی تشرینی یەکەم قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە میانی بەشداری لەگەڵ هەڤاڵانی بازنەکانی 8ی نەورۆز و 17ی سادی هەولێر رایگەیاند " هێزێک دەتوانێت نوێنەری متمانەپێکراوی خەڵکی کوردستان بێت کە لە بەغدا توانا و هێزی پێویستی هەبێت بۆ چارەسەکردنی کێشەکانیان و هاوکات ئەوەندەش جێی متمانەی هاوبەشە عێراقی و نێودەوڵەتییەکانیش بێت کە بتوانێت بەشدارییەکی کارای هەبێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی هەموو عێراق."
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم راشیگەیاند" چ لایەنە عێراقییەکان و چ لایەنە نێودەوڵەتییەکان، یەکێتییەکی بەهێز لە بەغدا وەک دەرفەت دەبینن، چونکە یەکێتی تاکە هێزە لەسەر ئاستی عێراق کە هەرگیز وەک سەرچاوەی کێشە سەیر نەکراوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە وەک ئەو هێزە سەیر دەکرێت لە قورسترین ساتەوەختەکاندا گرێکوێرەی ئاڵۆزییەکان دەکاتەوە و چارەسەری واقیعبینانە دەخاتەڕوو".
|