کوردستان

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە

نهانیوز-هەواڵەکان

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ل دوای کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیان داوایان لە حکومەتی فیدراڵی کرد مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکات.

چوارشەممە 15ی تشرینی یەکەم ئەنجومەنی وەزیران لە راگەیەنراوێکدا بڵاویانکردەوە کە  رێککەوتننامەی سێ لایەنەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم زۆر بە باشی بە بێ کەموکوڕی جێبەجێکراوە .

لەبەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەشیاندا جەختیان لە بەدواداچوونی ئەنجومەنی وەزیران بۆ هەنگاوەکانی خەرجکردنی مووچەی مانگەکانی ئاب و ئەیلول و مانگەکانی دیکە.

داواش دەکەن، وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ ڕاسپێرێت بە خەرجکردنی مووچەی هەرێم، بە تایبەتیش دوای ئەوەی رێککەوتننامەی سێ لایەنەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان زۆر بە باشی بە بێ کەموکووڕی جێبەجێکراوە و زیاتر لە سێ ملیۆن بەرمیل نەوتی هەرێم لە بازاڕی جیهانی لە لایەن کۆمپانیای سۆمۆ فرۆشراوە و داهاتەکەشی گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ.

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم

ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی ئۆکتۆبەری 2025، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی جێگری سەرۆک وەزیران قوباد تاڵەبانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا و بە بۆنەی دەستپێکردنی هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ، سەرۆک وەزیران داوای کرد هەڵمەتێکی شارستانی و لە چوارچێوەی ڕێزگرتن لە یاسا و ڕێنماییەکان بەڕێوە بچێت. سەرۆک وەزیران هیوای سەرکەوتنیشی بۆ هەموو ئەو کەس و لایەنانە خواست کە دەبنە نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵکی کوردستان و داکۆکی لە مافە دەستووریی و قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکەن.

تەوەری سەرەکی کۆبوونەوە، تایبەت بوو بە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی دارایی هەرێمی کوردستان لە دوای جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی سێ لایەنەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و هەروەها بەدواداچوونی ئەنجومەنی وەزیران بۆ هەنگاوەکانی خەرجکردنی مووچەی هەردوو مانگی ئاب و ئەیلوول و مانگەکانی دیکەی ساڵی 2025 ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکە، لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا، وردەکاریی بارودۆخی دارایی ئێستای هەرێم لە لایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری خرایەڕوو کە لەلایەن بەڕێوەبەری گشتی ژمێرکاریی هەرێمی کوردستان بە ژمارە و داتای پێویست، سەرجەم بوارەکانی داهاتەکان و خەرجییەکان و کورتهێنانی مانگانە ڕوون کرایەوە کە لە چوارچێوەی تەرازووی پێداچوونەوە، وەزارەتی دارایی فیدڕاڵی لێ ئاگادارکراوەتەوە.

پاشان هەریەک لە وەزیری دارایی و ئابووری و سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، وردەکاریی زیاتریان لەسەر ڕاپۆرتەکە خستەڕوو کە پێشتر بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێم ئامادە کرابوو، دوای گفتوگۆ و تاوتوێکردنی بابەتەکە، ئەنجومەنی وەزیران لە پێناوی دابینکردنی مووچە و شایستەی دارایی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و زامنکردنی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان، چەندین ڕاسپاردە و پێشنیاری پەسەند کرد و وەزارەتی دارایی ڕاسپێردرا بۆ دەرکردنی ڕێنمایی پێویست بۆ ئاسانکاریی جێبەجێکردنیان، لە ناویشیاندا جێبەجێکردنی پابەندییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ناردنی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی لە داهاتی نانەوتی و پێدانی پێشینە بەم بابەتە لە پێش هەموو خەرجییەکان، تاوەکوو وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ هیچ شتێک نەکاتە بیانوو بۆ نەناردنی مووچەی هەردوو مانگی ئاب و ئەیلوول و مانگەکانی دواتریش، کە ئێمە لە مانگی تشرینی یەکەمین و مووچەخۆرانی هەرێم مووچەی مانگەکانی هەشت و نۆیان هێشتا وەرنەگرتووە .

ئەنجومەنی وەزیران داوا لە حکومەتی فیدڕاڵ دەکات، وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ ڕاسپێرێت بە خەرجکردنی مووچەی هەرێم بە تایبەتیش وەک وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت خستیەڕوو، ڕێککەوتننامەی سێ لایەنەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان زۆر بە باشی بە بێ کەموکووڕی جێبەجێکراوە و زیاتر لە سێ ملیۆن بەرمیل نەوتی هەرێم لە بازاڕی جیهانی لە لایەن کۆمپانیای سۆمۆ فرۆشراوە و داهاتەکەشی گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ.


5کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.