قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزەکانی بەریتانیا و فەڕەنسا کۆبووەوە
نهانیوز-هەواڵەکان
جێگری سەرۆکوەزیران بە جیا لەگەڵ باڵیۆزەکانی بەریتانیا و فەڕەنسا کۆبووەوە ورایگەیاند، بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لە دۆخێکی ئارام و بە دوور لە بارگرژی، زۆر گرنگە بۆ سەقامگیری عێراق و پێکهێنانی حکومەتێکی کارا کە جێی رەزامەندیی هەموو پێکهاتەکانی عێراق بێت. هیواشی خواست خەڵکی کوردستان و عێراق بە رێژەیەکی بەرچاو بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن و بڕیار لە چارەنووسی چوار ساڵی داهاتووی خۆیان و وڵاتەکەیان بدەن.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران بە جیا لەگەڵ هەر یەکە لە عیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا و پاتریک دۆرێل، باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکاندا تاوتوێی دۆخی ناوچەکە و پرسی هەڵبژاردنەکانی عێراق کرا.
لە هەردوو کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی سێ شەمە(14/10/2025) لە هەولێر بەڕێوەچوون، ئاڵۆگۆڕی بیروڕا کرا لەبارەی دواین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە. بە گرنگییەوە باس لە کۆتاییهاتنی جەنگی غەزە کرا و هیواخوازرا کە کۆتاییهاتنی ئەم جەنگە سەرەتایەکی باش بێت بۆ چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیرییەکی گشتگیر لە ناوچەکەدا.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکاندا گفتوگۆکرا لەبارەی پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا. جێگری سەرۆکوەزیران بە ئاماژەدان بە رێککەوتن لەسەر پرسی نەوت و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت، روونیکردەوە کە هەموو هەوڵێک دەدەن کە ئەو لێکتێگەیشتنەی لەنێوان هەردوولادا دروست بووە وەک دەرفەتێک بقۆزنەوە بۆ چارەسەرکردنی ریشەیی ناکۆکییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و بە تایبەتیش گەرەنتیکردنی موچە و بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان.
لە بەشێکی دیکەی هەردوو کۆبووەنەوەکەدا باسی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرا. قوباد تاڵەبانی رایگەیاند بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لە دۆخێکی ئارام و بە دوور لە بارگرژی، زۆر گرنگە بۆ سەقامگیری عێراق و پێکهێنانی حکومەتێکی کارا کە جێی رەزامەندیی هەموو پێکهاتەکانی عێراق بێت. هیواشی خواست خەڵکی کوردستان و عێراق بە رێژەیەکی بەرچاو بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن و بڕیار لە چارەنووسی چوار ساڵی داهاتووی خۆیان و وڵاتەکەیان بدەن.
|