بەم ڕێگایە کیسی مەمک و شێرپەنجەی مەمک بزانە
نها نیوز - هەواڵەکان
پسپۆڕێکی بواری نەخۆشییەکانی مەمک، غوددە و کۆئەندامی هەرس رایدەگەیەنێت، هەر گرێیەک لەمەمکدا دروست ببت بەواتای شێرپەنجە نایەت، بەڵکو ئەوە کیسە و بێ زیانە.
د. هاوار حەسەن نەقشبەندی - پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی مەمک، غوددە و کۆئەندامی هەرس لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێت "هەندێجار کە چارەخواز هەست بە جیاوازییەک دەکات لە مەمکیدا، دەستبەجێ وادەزانێت تووشی شێرپەنجەی مەمک بووە و ترسێکی زۆری بۆ دروستدەبێت، بەڵام مەرج نییە هەموو گۆڕانێک شێرپەنجە بێت، لەوانەیە کیسێک بێت".
ئەو پسپۆڕە بەمجۆرەیە باس لە جیاوازییەکانی نێوان شێرپەنجەی مەمک و کیسی مەمک کردووە...
تایبەتمەندییەکانی کیسی مەمک:
کیسی مەمک بریتییە لە کیسێکی پڕشلەی ناشێرپەنجەیی، زۆرجار بەهۆی گۆڕانکاریی هۆرمۆنییەوە دروستدەبێت و دەبێتەهۆی کۆبوونەوەی شلە لە رژێنەکانی مەمکدا، کیس بەزۆری نەرمە و دەجوڵێت لەکاتی دەستلێدان، لەوانەیە ئازاربەخش بێت، بەتایبەتی لە پاش سووڕی مانگانە لە سۆناردا وەکو کیسێکی پڕ لە شلە دەردەکەوێت، بۆ چارەسەرکردن زۆرجار پێویستی بە هیچ چارەسەرێک نییە، ئەگەر کیسێک گەورە یان ئازاربەخش بێت، دەکرێت بە دەرزی شلەکەی ناوی رابکێشرێت.
تایبەتمەندییەکانی شێرپەنجەی مەمک:
گرێیەکی رەقی شێرپەنجەییە، بەهۆی گەشەی نائاسایی خانەکانی مەمکەوە دروستدەبێت (خانەکان بە شێوازێکی کۆنترۆڵنەکراو زیاددەکەن) زۆرجار گرێیەکی رەق، نەجوڵاو و بێ ئازارە (لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا) لە سۆنار یان مەمۆگرامدا، وەکو بارستەیەکی رەق و ناڕێک دەردەکەوێت
پێویستی بە چارەسەری پزیشکی هەیە، وەکو نەشتەرگەری، چارەسەری کیمیایی، تیشک یان چارەسەری هۆرمۆنی ئەگەر چارەسەرنەکرێت، نەخۆشییەکە بڵاودەبێتەوە.
|