دوایین زانیارییەکان سەبارەت بە وادەی دابەشکردنی مووچەی مانگی 8 ئاشکرا بوو
نهانیوز-هەواڵەکان
بەرپرسێکی حکومەتی هەرێم دوایین زانیارییەکانی سەبارەت بە مووچە خستەروو و دەشڵێت"سودانی لەم هەفتەیەدا فەرمانی خەرجکردنی مووچەی مانگی 8 دەردەکات".
دووشەممە 13ی تشرینی یەکەم میدیای پارتی لە زاری دوو بەرپرسی باڵای حکومەتی هەرێمەوە بڵاویکردەوە کە سودانی بەلێنی داوە ئەم هەفتەیە مووچەی مانگی هەشت خەرج بکات، دەشڵێت"حکومەت ئامادەیە 120 ملیار دینارەکە بنێرێت".
لەبارەی مووچەی مانگی 9 ئەو بەرپرسەی هەرێم دەڵێت"لیستی مووچەی مانگی 9 نێردراوە و لیستی مووچەی مانگی 10 تا کۆتایی ئەم مانگە دەنێردرێت".
سەبارەت بە گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی هەرێم و بەغدا ئەم بەرپرسەی هەرێم دەڵێت" پرسی ناردنی 120 ملیار دیناری مانگانە بۆ مووچەی مانگەکانی 7 و 8 و 9یە و بۆ مووچەی مانگەکانی دیکە پێویستە گفتوگۆکان نێوان هەرێم و بەغدا دەستپێبکاتەوە و هاوشێوەی ئەو ڕێکەوتنەی لەبارەی نەوتەوە کرا دەبێت ئەو ڕێکەوتنە سەبارەت بە داهاتی نانەوتیش بکرێت".
|