کوردستان

بافڵ تاڵەبانی لەسەر مووچە داوایەکی مەحاڵی لە سودانی کرد

نها نیوز – هەواڵەکان

ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەغدا کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی یەکێتی بە سودانی راگەیاندووە؛ دابەشکردنی مووچەی هەرێم بەکاتی فیدراڵ رێکبخرێت.

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا نزار ئامێدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و د. خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق ئامادەبوون، تیایدا دوایین پێشهات و ڕووداوەکانی ناوەند و ناوچەکە تاوتوێ کران.

هەروەها جێبەجێکردنی رێککەوتنی نەوتیی هەرێمی کوردستان و عێراق و لابردنی سەرجەم ئاستەنگەکان لەبەردەم ئەو ڕێککەوتنەدا خرانە بەر باس. سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی داوای لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد ڕێکارەکانی ناردنی مووچە خێراتر بکرێن تاوەکو کاتی دابەشکردنی مووچە لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ عیراق یەکبخرێت.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باسیان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرد و جەختیان لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کردەوە.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا بافڵ تاڵەبانی سوپاسی محەمەد شیاع سودانی کرد بۆ گۆڕینی ناوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی.

خزمەتکردنی کەسوکاری شەهیدان لە هەرێمی کوردستان و عێراق تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو و بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند "سەرۆک وەزیرانی عێراق خۆی کوڕی شەهیدە، بۆیە گرنگی تایبەتی بە کەسوکاری شەهیدان داوە و ئەوەش شایەنی پێزانینە".
 
2025-10-11
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.