نها نیوز – هەواڵەکان
سەرۆکی یەکێتی کۆمپانیاکانی فڕِۆکەوانی و گەشتیاری رایگەیاند، سەرەرای بوژانەوەی ئابووری سلێمانی بەهپی لابردنی ئابڵوقەی تورکیا بەسەر ئاسمانەکەی لەماوەی سێ بۆ چوار هەفتە پێویستە بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکان.
عەتا ئەنوەر، سەرۆکی یەکێتی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و گەشتیاری لەلێدوانێکدا وتی "کردنەوەی ئاسمانی تورکیا بە ڕِووی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕِۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی کاریگەری لەسەر شارەکە دروست دەکات لەڕووی گەشتیارییەوە و دەشبێتە بوژانەوەی ئابووری".
لەبارەی وادەکەشەوە ناوبراو وتی "ماوەی سێ هەفتە بۆ چوار هەفتەی پێویستە تابتوانرێت گەشتەکان دەستپێبکرێنەوە".
عەتا ئەنوەر ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی ڕاگرتنی گەشتەکان کۆمپانیاکان زەرەر و زیانێکی زۆریان بەرکەتووە، بەڵام نەبووەتە هۆی داخستنی.
لەبارەی ڤیزاشەوە سەرۆکی یەکێتی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و گەشتیاری رایگەیاند "وڵاتی تورکیا ڤیزای پێویستە لە تەمەن 15 ساڵ تاوەکو 50 ساڵ و لە ئێستادا وەرگرتنی ڤیزا بەراورد بە ساڵانی رابردو زۆر باشترە و ڕەفزبوونەوەی ڤیزا کەمترە".
ئەوەیش لەکاتێکدایە، دوای چەند ساڵێك لە بڕیاری قەدەغەكردنی گەشتەكانی فڕۆكەكان بۆ سلێمانی، ڕۆژی پێنجشەممە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا لە ئەنقەرە كۆبوونەوە و سەرۆكی ئەو وڵاتە كۆتایی بە قەدەغەی گەشتە ئاسمانیەكان بۆ فڕۆكەخانەی سلێمانی هێنا.
جێی ئاماژەشە، لە سلێمانی و دەورووبەری 200 کۆمپانیا و نوسینگە و بریکاری گەشتیاری بەپێی ئەو سیستەمانەی هەیە بۆ وڵاتی تورکیا کە کاردەکەن، نزیکەی 70 کۆمپانیا کاری تەواویان تەنها لەسەر تورکیا بووە.