نها نیوز – هەواڵەکان
وەزیری دەرەوەی عێراق داوا دەکات سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی وشکە ساڵی، ئاوی زیاتر بۆ عێراق بەربدەنەوە و "دڵنیام لەگەڵیان دەگەینە رێککەوتن".
هەینی 10ـی تشرینی یەکەمی 2025، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لە ئەنقەرە لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند "لە کۆبوونەوەم لەگەڵ فیدان باسمان لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات کرد و جەختمان لە پەرەپێدانی زیاتری ئەو پەیوەندییانە کردەوە".
وتیشی "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆمان باسمان لە چەند بابەتێکی جۆراوجۆر کرد، تەوەری سەرەکیشمان پرسی ئیدارەدانی ئاو بوو لە عێراق، هەروەها باسمان لەو ئاڵنگارییانەش کرد کە ڕووبەڕووی بووینەتەوە لە تەواوی ناوچەکە، بە تایبەتی ئاڵنگارییە ژینگەییەکان".
هەر لە بارەی پرسی ئیدارەدانی ئاوەوە، فوئاد حوسێن ئاشکرایکرد "گفتوگۆکانی نێوان لایەنەی تورکی و عێراقی لەماوەی ساڵێک لەمەوبەر لەسەر ئەو پرسە دەستیپێکردووە".
ناوبراو راشیگەیاند "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆمان گەیشتووینەتە دوو ئامانجی سەرەکی کە پەیوەندییان بە دۆسیەی ئاو هەیە، هەروەها ئامانجێکیان کە درێژخایەنە و پەیوەندیدارە بە گەیشتن بە لێكتێگەیشتنێکی هاوبەش لەبارەی ڕەشنوسێک کە پەیوەستە بە ڕێککەوتنێکی چوارچێوەیی تایبەت بە ئیدارەدانی ئاو، ئەم ڕەشنوسە هەموارکراوتەوە و ئامادەکراوە، هیوادارم بەمزووانە واژۆ بکرێت".
بەوتەی وەزیری دەرەوەی عێراق بێت، وەزیری دەرەوەی تورکیای بۆ بەغدا بانگهێشت کردووە بۆ ئەوەی ئەو ڕەشنوسە لە بەغدا واژۆ بکرێت.
لەبارەی ئامانجی دووەم، کە پەیوەست بوو بە دۆخی هەنووکەیی و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخی وشکەساڵی لە عێراق فوئاد حوسێن وتی "دۆخێکی مەترسیدار لە عێراق سەریهەڵداوە و وشکەساڵی تەنگی بە وڵاتەکە هەڵچنیوە، بۆیە ئەمڕۆ گفتوگۆیەکی بەرهەمدار لەنێوان پسپۆران کرا سەبارەت بە بەردانەوەی ئاو لەلایەن تورکیاوە".
فوئاد حوسێن وێڕای ئەوەی دڵنیایە لەبارەی دۆسیەی ئاوەوە لەگەڵ تورکیا ڕێکدەکەون. دەشڵێت "تەنیا ڕووباری دیجلە و فورات عێراق و تورکیا بە یەکتر نابەستێتەوە، بەڵکو دۆخی ئەمنیی هەردوو وڵاتیش بە یەکتریان دەبەستێتەوە. لەبارەی هەناردەی نەوتیشیەوە ئەو وتی "ساڵێک لەمەوبەر تورکیا بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە ئامادەبوو".