کێشە بۆ مووچە دروستکراو کۆتا بڕیار بۆ ناردنەکەی ئاشکرابوو
نها نیوز – هەواڵەکان
بەپێی میدیای پارتی، چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەی لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە سودانی بڕیار لە ناردنی مووچەی مانگی هەشتی فەرمانبەران بدات و تەیف سامیش نوسراوی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان دەربکات.
میدیای پارتی بڵاویکردووەتەوە، لیستی مووچەی مانگی نۆ ئامادەیە و وردبینی بۆ کراوە، لە هەفتەی داهاتووەوە هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی 10 و ڕێکارەکانی بە سیستمی پەیڕۆڵ دەستپێبکات، چاوەڕوانیش دەکرێت لە دوو هەفتەی داهاتوودا بۆ بەغدا بنێردرێت.
هاوکات، هەفتەی ئایندەش لە شارەکانی دیکەی عێراق دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 10 دەکرێت. هەموو هەوڵەکان بۆ ئەوەن بەر لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە مانگێکی ماوە دوو مووچە بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت.
میدیاکە ئاشکراشیکردووە، ئەگەر هەفتەی داهاتوو، بڕیار لە ناردنی مووچە بدرێت و ڕێکارەکان وەک مووچەی مانگی حەوت بن ئەوا ناردنی مووچە دەکەوێتە 10 ڕۆژی دیکە. ئەگەر بەر لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران سودانی بڕیاری ناردنی مووچە بدات تا پێنجشەممەی هەفتەی داهاتوو مووچە دەگات.
ئەوەش لەکاتێکدایە، محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕۆژی سێشەممە ڕێککەوتی 7ـی 10ـی 2025 لەدوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا لەگەڵ سێ وەزیری کورد ڕەزامەندی لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی هەشت دا.
|