کوردستان

وردەکاری کوشتنی ئه‌كبه‌ر حاجى ڕۆسته‌م ئاشکراکرا

نها نیوز - هەواڵەکان 

کوڕە گەورەکەی ئەکبەر حاجی ڕۆستەم، داواكارییه‌كى به‌په‌له‌ ئاراسته‌ى ده‌زگا ئه‌منیه‌كان ده‌كات، ده‌ڵێت "لەکامێراکانی چاودێرییەوە بینیومانە، ئۆتۆمبێلەکەی باوکم دوای کوژرانی، لەلایەن کوژراوەکەوە دزراوە و تائێستاش نازانین بۆ کوێ بردراوە".

کۆچەر ‌ کوڕە گەورەی ئەکبەر حاجی ڕۆستەم‌ بە میدیاى پارتى وت"نزیکەی کاتژمێر شه‌شى ئێوارەی دوێنێ، باوکم گەڕاوەتەوە گوندەکەمان (ئۆمەربل)، بەڵام پێشئەوەی بگاتەوە ماڵەوە، سەردانی باخەکەمانی کردوە کە هەر لەدەوروبەری گوندەکەیە، دوای ئەوەی دوو کاتژمێر زیاتر دەنگی نەماو پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانمانی وەڵامنەدایەوە؛ بەدوایدا گەڕاین ‌و تەرمەکەیمان لەوێ دۆزییەوە".

وتیشی "لەکامێراکانی چاودێرییەوە بینیومانە، ئۆتۆمبێلەکەی باوکم دوای کوژرانی، لەلایەن کوژراوەکەوە دزراوە و تائێستا نازانن بۆ کوێ بردراوە".

کوڕە گەورەکەی ئەکبەر حاجی رەتیکردەوە کە هیچ کێشەیەکی خێزانی‌ و کۆمەڵایەتییان لەگەڵ هیچ کەس‌ و لایەنێک هەبێت‌ و دەڵێت "گومانمان لەهیچ کەسێک نییە، چونکە لەبنەڕەتدا کێشەمان لەگەڵ کەس نییە".

ئەو داواش لەدەزگا ئەمنییەکان ‌و لایەنە پەیوەندیدارەکان ده‌كات، "ئەرکی پیشەیی خۆیان بەجێ بگەیەنن، ڕاستیی ڕووداوەکە بۆ ڕای گشتی ئاشکرابکەن ‌و تاوانباری سەرەکیی ئەوکارە قێزه‌ونه‌ ڕادەستی دادگا بکەن".

لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگۆی جیاواز لەبارەی چۆنییەتی کوژرانی ئەو کەسایەتییەی دەڤەری گەرمیان بڵاوبوەتەوە، بەشێکی بەکارهێنەران باس لەوەدەکەن، لەلایەن کەسێکی نزیکییەوە کوژراوە و بەشێکی دیکەشیان دەڵێن، "لەلایەن شوانە عەرەبەکەیانەوە کوژراوە، چونکە بەمدواییانە کێشەیەک لەنێوانیدا هەبوو".

له‌وباره‌یەوە کوڕە گەورەکەی ئەکبەر حاجی ڕۆستەم هەموو ئەو دەنگۆیانەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕەتدەکاتەوە و ئاشکرایکرد "هەموو ئەو دەنگۆیانە دورن لەڕاستییەوە و بێبنەمان؛ ئێمە هەر شوانی عەرەبمان نییە".

ئەوەش لەکاتێکدایە، ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، ئەکبەر حاجی ڕۆستەم کەسایەتیی دەڤەری گەرمیان، لەگوندی ئۆمەربل له‌قەزای کفری  کوژرا.
4کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.