نها نیوز – هەواڵەکان
سەرۆکی قۆناغی راگوزەری سوریا، هۆشداری لە جوڵەی سەربازی تۆرکیا دەدات بۆ سەر هەسەدە و دەشڵێت " کۆمەڵگەی سوریا لە ئێستادا ئامادە نییە گفتوگۆ لەسەر سیستەمی فیدراڵی بکات.
ئەحمەد شەرع سەرۆکی قۆناغی راگوزەری سوریا، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەندێك لە باڵەكانی ناو هێزەکانی سوریای دیموکرات و پارتی کرێکارانی کوردستان تۆمەتباردەكات بە تێکدانی رێککەوتنی مانگی ئازاری رابردوو و خاوکردنەوەی پرۆسەی سیاسی، هاوکات هۆشداریشی دایەوە لەوەی رووداوەکانی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا کاریگەرییان لەسەر عێراق و تورکیا دەبێت.
شەرع وتی، هەتا ئێستاش هێزەكانی سوریای دیموكرات خۆی لە دەرەوەی پڕۆسەی چارەسەری دەبینێت، سەرەڕای ئەوەی عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆکی پارتەکە داوای بەشداریکردنی كردوون.
جەختیشكردەوە، دۆخی ئێستای باکوری رۆژهەڵاتی سوریا مەترسییەکی راستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی هەردوو وڵاتی تورکیا و عێراق دروست دەکات.
راشیگەیاند، وڵاتەكەی دابەشبون قبوڵ ناکات یان هەر خواستێك بۆ سەربەخۆیی، هۆشداریشیدا لەوەی تورکیا رەنگە رێوشوێنی سەربازی بگرێتەبەر ئەگەر تا مانگی کانوونی دووەمی داهاتوو یەکگرتنی تەواو بەدی نەهێنرێت.
لە وەڵامی داواکارییەكانی هەسەدە بۆ حوکمڕانی نا ناوەندێتی، شەرع ئاماژەی بەوەكرد کۆمەڵگەی سوریا لە ئێستادا ئامادە نییە گفتوگۆ لەسەر سیستەمی فیدراڵی بکات، ئەم داواکاریانە لە واقیعدا فۆرمێکی شاراوەی جیابوونەوەن.