ئەوروپا لەسەر کورد لە دژی تورکیا هاتە دەنگ
نهانیوز-هەواڵەکان
کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا، داوا لە تورکیا کرد پابەند بێت بە بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و سیاسەتمەداری زیندانیکراو، سەلاحەدین دەمیرتاش ئازادی بکات.
لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا جارێکی دیکە جێبەجێکردنی بڕیاری ئازادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) و دۆسیە پەیوەندیدارەکانی هێنرایەوە بەرباس.
کۆمیتەکە بە پشتبەستن بە بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا (AİHM)، جەختی لەوە کردەوە کە دەمیرتاش و پەرلەمانتارە هەڵبژێردراوەکانی دیکە بەبێ بوونی بەڵگەی پێویست دەستگیرکراون، ئەم دەستگیرکردنانە ئامانجی سیاسییان لە پشتە و مافی ئازادیی ڕادەربڕین و نوێنەرایەتیی سیاسییان پێشێل کراوە.
کۆمیتەی وەزیران، نیگەرانیی قووڵی خۆی دەربڕی لەوەی کە دادگای دەستووریی تورکیا هێشتا پێداچوونەوەی بە سکاڵاکاندا نەکردووە و داوای لە تورکیا کرد کە بەپێی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا، هەنگاو بۆ ئازادکردنی دەستبەجێی دەمیرتاش و سکاڵاکارانی دیکە بنێت.
هەروەها نیگەرانی قوڵ دەربڕدراوە لە هەوڵە زۆرەکانی ئەم دواییە بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندیی پەرلەمانتاران و دەستگیرکردنی سەرۆک شارەوانییە هەڵبژێردراوەکان.
|