حکومەتی کاربەڕێکەر بڕیارێکی بەپەلەی لەبەرژەوەندی هاوڵاتییان دەرکرد
نها نیوز - هەواڵەکان
فەرمانگەی میدیا و زانیاری هەرێم رایگەیاند، روماڵی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی تاوان و تۆمەتباران قەدەغە دەكرێت، ئەوەیش بۆ پاراستنی رێرەوی لیکۆڵینەوە یاساییەکانە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان لەمیانی هۆشدارییەکدا، دەڵێت "بەپێی گشتاندنێكی سەرۆكایەتیی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، كە ئاراستەی گشت وەزارەت و دامودەزگاکانی حکومەت كراوە، لەمەودوا ڕێگە بە هیچ كەناڵ و پەڕەی تۆڕی كۆمەڵایەتی نادرێت، دیمەن و ڤیدیۆی ڕووداوی تاوان و تۆمەتباران و شوێن و كاتی تاوانەكان بڵاو بكەنەوە و ڕووماڵی بکەن".
ئەوەش هاتووە "ئەم گشتاندنە لەسەر بنەمای داواكارییەكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بۆ ئەنجومەنی وەزیران کراوە، كە تێیدا داوای كردووە، بۆ پاراستنی ڕێڕەوی لێكۆڵینەوە و لایەنی دەروونی و كۆمەڵایەتیی ژیانی خەڵك و نەقۆستنەوەی ڕووداوەكان بۆ دووبەرەكیی سیاسی و كۆمەڵایەتی، ڕێگە نەدرێت ڕووماڵی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی تاوان و تۆمەتباران بكرێت".
فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی بەوەشداوە، ئەوەش لەپێناو سەلامەتیی گشتیی و ئاسایشی تاك و كۆمەڵگەیە، هاوکات وتوشیەتی "رێزگرتن لە رێرەوی لێکۆڵینەوە یاساییەکان و بنەماکانی مافی مرۆڤە".
|