ئەنجومەنی وەزیران دوو بڕیاری لەبارەی هەرێم دەرکرد
نهانیوز-هەواڵەکان
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆکەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دوو بڕیار لەبارەی هەرێم دەرچوو لەوانەش دیاریکردنی نەوت وەک حەقدەستی کۆمپانیاکانی بەرهەم هێنەری نەوت بۆ ڕەواندنەوەی نیگەرانییەکانیان.
سێشەممە 16ی ئەیلول كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ كۆتایی هات و قسەوباس كرا لەبارەی كێشەی نەوتی هەرێمی كوردستان.
بەگوێرەی میدیای یەکێتی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ رەشنوسی لێكتێگەیشتنی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستانی پەسەندكردووە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیدارە بە پرسی بەكارهێنانی بڕی (50 هەزار) بەرمیلی رۆژانە بۆ پێداویستی ناوخۆی هەرێم و رادەستكردنی بەرهەمەكەی تر بە كۆمپانیای (سۆمۆ) بدرێت، جا چ ئەوەی هەناردەی دەرەوەی بكات یان ئەویش بۆ پێداویستی ناوخۆی عێراق سودی لێ ببینێت.
بەگوێرەی ڕێکەوتنەکە شایستەی داراییەکانی كۆمپانیاكانی كەرتی نەوتی هەرێم پێویستە بە (نەوتی خاو) بدرێت نەك پارەی كاش، بۆ ئەوەی چیتر كۆمپانیاكان نیگەران نەبن لەوەی لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە شایستەكانیان پێنەدرێت، بۆ ئەمەش كرێی دەرهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت وەكو ئەوەی لە هەمواری یاسای بودجەدا هاتووە بە بڕی (١٦ دۆلار) دیاریكراوەو دەبێت هاوتای ئەو نەوتەی بەرهەمی دەهێنن بەبەهای (١٦ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك) لەبری پارەی كاش نەوتی خاو بە كۆمپانیاكان بدرێت، لەم حاڵەشدا هاوشێوەی ئەوەی لەدوای راوەستانی هەناردەی نەوتەوە (لە ٢٥ی ئازاری ٢٠٢٣) كردویانە، دەبێت لەمەودواش كۆمپانیاكان خۆیان بازاڕ بۆ فرۆشتنی نەوتەكەیان بدۆزنەوە.
لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێکەوتنەکە هاتووە" ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ رەزامەندی نیشاندا لەسەر ئیمزاكردنی گرێبەستی سێقۆڵی لەنێوان (حكومەتی فیدراڵ+ حكومەتی هەرێمی كوردستان+ كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێم)، بەو مەرجەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ رەزامەندی لەسەر ئیمزاكردنی گرێبەستێكی لەمشێوەیە نیشان بدات، بۆ ئەمەش پرسەكە ئاڕاستەی وەزارەتی نەوت دەكرێت و بڕیارە ئەویش لەماوەی دوو رۆژدا بۆچوونی خۆی ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران بكاتەوە".
|