کوردستان

ڕاوێژکارێکی سوودانی : ئه‌گه‌رى ڕێككه‌وتنی هه‌رێم و به‌غدا نزیکە

نهانیوز-هەواڵەکان

دوای ئەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، پرسی داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستانی  خستە بەردەم ئەنجومەنی دەوڵەت بۆ یەکلاکردنەوەی، ڕاوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەگەری ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بە نزیک دەزانێت.

ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە نووسراوی فەرمی داوای لە ئەنجومەنی دەوڵەت کردووە کە پرسی داهاتە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان یەکلا بکاتەوە، هەفتەی داهاتوو ئەنجومەنی دەوڵەت کۆببێتەوە و ڕای خۆی لەسەر ئەم پرسە دەرببڕێت و ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی بکات.

راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق کە نەیویست ناوی بهێنرێت، ئاشکرای دەکات "لە کاتێکدا هێشتا ڕێککەوتنێکی کۆتایی لەبارەی داهاتی نەوت و کێشەی کۆمپانیاکانەوە نەکراوە بەڵام سەرۆکوەزیرانی عێراق، گەشبینە بە ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا."

دەشڵێت: "ڕەنگە جگە لەو 50 هەزار بەرمیل نەوتەی بۆ ناوخۆی هەرێم دانراوە، عێراق دەست لە بڕێکی تر نەوت بۆ هەرێم هەڵبگرێت و لەم ڕووەوە بگەنە ڕێککەوتن."

بە پێی وتەی ئەو راوێژکارە ،سوودانی نزیکەکانی ئاگادار کردووەتەوە لەوەی ئەگەری ڕێککەوتن لەگەڵ هەرێم نزیکە.

هەروەها جەختی لەوە کردەوە: "لەسەر پرسی داهاتە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان، ئیرادەیەک بۆ ڕێککەوتن دروستبووە و ئەگەر ئەمە ڕووبدات، پێدەچێت هەفتەی داهاتوو هەنگاویان بۆ بنرێت."

ئەنجوومەنى دەوڵەت دامەزراوەیەکى راویژکاریی یاساییە، لە رۆژى سێشەممەى رابردوو ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق کۆنووسى ئەو لیژنە یاساییەى نێوان هەرێمى کوردستان و بەغدادى بۆ راوێژ ئاڕاستەى ئەنجوومەنەکە کرد، کە تێڕوانینى هەردوو وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان و وەزارەتى دارایی فیدراڵى تیادا یەکخرابوو، تایبەت بە پشکى گەنجینەى فیدراڵى لە داهاتە نانەوتییەکانى هەرێمى کوردستان.

 ئەمە لە کاتێکدایە لە مانگی 9 داین  بەڵام تا ئێستاش چارەنووسی مووچەی مانگەکانی 7 و 8 دیارنین و مووچەخۆران چاوەروانی رێککەوتنی کۆتایی نێوان هەرێم و بەغدا دەکەن  بۆ یەکلا کردنەوەی پرسی مووچە.
2کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.