نوێترین زانیاری لەبارەی رێککەوتنی هەولێر و بەغداد ئاشکرا کرا
نها نیوز – هەواڵەکان
ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی کاریگەری هەڵبژاردن لە سەر چارەنووسی مووچە رایگەیاند، نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکان کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەبێت، وتیشی "ئینشەڵڵا وادەیەک دەبێت بۆ وەرگرتنی مووچە و رێککەوتنەکە نزیکبووەتەوە لەوەی بگاتە قۆناغی کۆتایی".
موسەننا ئەمین، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەمیانى بەشداریکردنى لە بەرنامەى تارگێتى کەناڵ8، رایگەیاند، رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد لە قۆناغەکانی کۆتاییدا نزیک بووەتەوە.ئاماژەی بەوەکرد، نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکان کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەبێت.
دەشڵێت "لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکان، فشارەکان لەسەر سەرۆکوەزیرانی عێراق و حکومەتەکەی زیاتر دەبن، وتیشى، ئەم فشارانە دەکرێت لەسەر ناردنی پشکی هەرێم لە بودجە و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بن".
ئاشکراشیکرد، "گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق، کە تایبەتن بە چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان، گەیشتوونەتە قۆناغێکی پێشکەوتوو و نزیکن لە کۆتایی، ئەمەش هیوایەکی نوێ بە دۆخی ئابووریی هەرێم دەبەخشێت."
|