نهانیوز-هەواڵەکان
ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەكێتی لەبارەی پیکهێنانی کابینەی حکومەت قسەی کۆتایی دەکات و دەڵێت" پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كابینەی نوێی حکومەتی هەرێم پێک ناهێندرێت".
چوارشەممە 10ی ئەیلول د. مەجید محەمەدئەمین، ئەندامی سەرکردایەتیی یەكێتی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند"بەربەستەكانی بەردەم پێكهێنانی حكومەتی نوێ هەرێم بەشێكی سیاسیەیە و بەشەكەی دیكەش گرفتەكانی بەردەم دابەشكردنی پۆستەكانە."
ئاماژەی بەوەشكرد، لەم دواییانەدا ساردی كەوتوەتە نێوان هەردولایان، ئەوەش لەسەر هەڵوێستی پارتی دەوەستێت كە یەكێتی تا چ ئاستێك بەرەو ڕوی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم بڕوات، بەڵام بۆ ئەمجارە یەكێتی هاوبەش دەبێت لە دەسەڵات و حكومڕانی هەرێمی كوردستان، نەك بەشدار".
ئەو بەرپرسەی یەكێتی لەبارەی وادەی پێكهێنانی كابینەی نوێی هەرێمی كوردستانەوە دەڵێت "پێم وانیە پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە لە مانگی (تشرینی دوەم/11)ـی ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت، كابینەی نوێی حکومەتی هەرێم پێکبهێندرێت".
ئەوەشیخستەڕو، پەیوەندی باشی یەكێتی و پارتی رەنگدانەوەی لەسەر دۆخی كوردستان دەبێت، بەڵام لە ئێستادا ئەو دو حزبە ناكۆكن لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان و بەدیاریكراویش ناكۆكیەكە لەسەر پۆستەكانی سەرۆكایەتی هەرێم و وەزیری ناوخۆی هەرێمە.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە لە ڕۆژانی ١٨ و ٢٠ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە چوو بەڵام لەوکاتەوە تا ئێستا پەرلەمان دەستبەکارنەبوە و کابینەی حکومەت پێکنەهێندراوە.