قوباد تاڵەبانی لەگەڵ کونسوڵی گشتیی فەڵەستین لە هەرێم کۆبووەوە
نهانیوز-هەواڵەکان
قوباد تاڵەبانی لەگەڵ کونسوڵی گشتیی فەڵەستین لە هەرێم کۆبووەوە و هیوای خواست هەرچی زووە شەڕ کۆتایی بێت و ئاشتی باڵ بەسەر ناوچەکەدا بکێشێت.
چوارشەممە 10ی ئەیلول قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازیکرد لە باڵیۆز دکتۆر ماهیر کەراکی، کونسوڵی گشتیی فەڵەستین لە هەرێمی کوردستان و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا باسی دۆخی فەڵەستین و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی بە ئاماژەدان بە پەیوەندیی مێژوویی نێوان هەردوو بزووتنەوەی کورد و بزووتنەوەی فەڵەستین، رایگەیاند گەلی کورد هەمیشە پشتیوانی داوا رەواکانی گەلی فەلەستین بووە و هاسۆزی خۆشی بۆ ئەو کارەساتە مرۆییە دەربڕی کە لە فەڵەستین و کەرتی غەزە بەسەر گەلی فەڵەستیندا هاتووە.
جێگری سەرۆکوەزیران هیوای خواست هەرچی زووە شەڕ کۆتایی بێت و ئاشتی باڵ بەسەر ناوچەکەدا بکێشێت. هەر لەم چوارچێوەیەشدا پشتیوانی خۆی بۆ چارەسەری دوو دەوڵەتی دەربڕی کە لە ئێستادا لەلایەن زۆربەی وڵاتانی جیهانەوە پشتگیری لێ دەکرێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان کوردستان و فەڵەستین کرا و هاوڕابوون هەردوو گەلی کوردستان و فەڵەستین پێویستە لەسەر ئاستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا پشتیوان و هاوسۆزی یەکتربن.
|