کوردستان

بریاری کۆتایی لەبارەی هەناردەی نەوت دەدرێت

نها نیوز – هەواڵەکان

دوای کۆبوونەوە نەرێنیەکەی دوێنیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی پرسی نەوت و داهاتی نانەوتی، بریارە ئەمرۆ لە کۆبوونەوەیەکی گرنگ دا بڕیاری کۆتایی لەبارەی چۆنیەتی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت بدرێت.

بە پێی زانیارییەکان، ئەمرۆ چوارشەممە 10ی ئەیلول  کۆبوونەوەیەکی فراوان لەبارەی پرسی نەوت بەرێوە دەچێت بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت. بەپێی وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان،  لە ئێستا دا بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت لە هەرێم 230 هەزار بەرمیل نەوتە.

چاوەڕوان دەکرێت  لەم کۆبوونەوەیە دا بڕیاری کۆتایی لەبارەی چۆنیەتی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت بدات، کە دەتوانێت کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ئابووری عێراق و هەرێمی کوردستان هەبێت.

 لەبارەی داهاتی نانەوتیش سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە یاخود سبەینێ پێنج شەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بە نوسراوێک ئەنجومەنی دەوڵەت ئاگادار دەکاتەوە لە بارەی پرسی داهاتی نانەوتی، هەر بڕیارێک لەلایەن ئەنجومەنی دەوڵەتەوە بدرێت قبوڵ دەکرێت.

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەمەد شیاع سودانی، لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا پرسی داهاتی نانەوتی و دۆسییەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی تاوتوێکرد. بەپێی زانیارییەکان، دۆسییەی داهاتی نانەوتی رەوانەی ئەنجوومەنی دەوڵەت دەکرێت و سەرۆکوەزیرانی عێراقیش جەختی کردەوە، چیتر چاوەڕێی کۆمپانیاکانی نەوت ناکەن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردە.

محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عیراق لەسەروبەندی ناردنی مووچەی مانگی 6ی مووچەخۆران و گفتوگۆکانی لەگەڵ هەرێم زۆر بەڕوونی وتویەتی "ئەمە کۆتا مووچەیە بەبێ رێککەوتن بینێرم بۆ هەرێم"، "هەتا هەناردەی نەوت و پرسی داهات یەکلایی نەکرێتەوە مووچە نانێرم."

 تا ئێستا مووچەخۆرانی هەرێم 6 مووچەی ئەمساڵیان وەرگرتووە و چارەنووسی مووچەی مانگەکانی (7و8)یش دیارنییە.

2025-09-10
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.