کوردستان

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەسەر سێ تەوەر کۆدەبێتەوە

نها نیوز – هەواڵەکان

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە ویاساى راژە و خانەنشینیی پێشمەرگە و  پرسی نەوت و داهاتی نانەوتیی تاوتوێدەکات.

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی هەرێم، بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ی ئەیلولی 2025، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و دواپێشهاتی هەردوو دۆسیەی داهاتە نانەوتییەکان و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و خستنەڕووی بڕیارەکانی کۆبوونەوەی رۆژی 9ی ئەیلولی 2025ی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق گفتوگۆدەکات.

هەروەها، كۆنووسی هاوبەشی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان لەڕۆژی 2ی ئەیلولی 2025، تایبەت بە پێشنیاریان سەبارەت بە پیادەكردنی یاسای راژە و خانەنشینیی پێشمەرگە ژمارە (38)ی ساڵی 2007 دەخرێتەڕوو.

بەپێی راگەیەندراوەکە، راسپاردەكانی وەزارەتی دارایی و ئابوری، سەبارەت بە ئاسانكاریی پێشینە و قەرزەكانی تایبەت بە (خانووبەرە، كشتوكاڵ، پیشەسازی، نیشتەجێكردن و گەشتیاری) بابەتێکی دیکەی کۆبوونەوە دەبێت. 

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، لە کۆتاییدا و لە چوارچێوەی پرۆسەی یەكخستنەوەی رێكارە داراییەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی، چەند پێشنیار و راسپاردەیەكی وەزارەتی دارایی بۆ یەكخستنی رێكار و رێنماییەكانی باج و رێژەكانیان، لەنێوان دامەزراوەكانی باج لە هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدراڵ دەخرێتەڕوو.

 
2025-09-10
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.