نها نیوز – هەواڵەکان
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاشکرایکرد، لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقدا، بڕیاردرا پرسی داهاتی نانەوتی، رەوانەی ئەنجومەنی دەوڵەت بكرێت و لەوێ یەكلایی بكرێتەوە.
دوای ئەوەی کە بە سەرۆکایەتی د.عەلی فەوزی گەورە راوێژکاری یاسایی سەرۆکوەزیران، دوا کۆبوونەوەی لیژنەکانی تایبەت بە ناکۆکیەکانی نێوان هەرێم و بەغدا نەگەیشتە راپۆرتێکی هاوبەش، کاروان یاروەیس، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عیراق لە لێدوانێکی تایبەت دا بە" نها نیوز"ی راگەیاند، وەک پێشبینی دەکرا ئەمرۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی خۆیدا پرسی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدای تاوتوێکرد و بریاریدا پرسی داهاتی نانەوتی، رەوانەی ئەنجومەنی دەوڵەت بكرێت.
ئەو ئەندام پەرلەمانە ئاشکرایکرد، ئەمرۆ لە کۆبوونەوەکە دا د. عەلی فەوزی گەورە راوێژکاری سوودانی، راپۆرتێکی پێشکەش کردوە کە هەردوولا لەسەری کۆکن و ئەو خاڵانەشی خستوەتە روو کە تا ئێستا ناکۆکن لە سەری، بە تایبەتی پرسی داهاتی نانەوتی و داهاتی نانەوتی فیدراڵی کە هەر دوو حکومەتەکە لەسەری رێکنەکەوتوون و هەروەها پرسی کۆمپانیا نەوتییەکان کە داوای رێککەوتنی سێ قۆڵی دەکەن، لە نێوان کۆمپانیاکان و هەرێم و ناوەند .
کاروان یاروەیس ئاماژەی بەوەدا، دوای راپۆرتەکەی فەوزی لە کۆبوونەکەدا ئەنجومەنی وەزیران بریاری داوە، کێشەکە ئاراستەی ئەنجومەنی دەوڵەت بکرێت، هەتا ئەوان لە ماوەی هەفتەیەک دا شیکردنەوەی خۆیان لە سەر ناکۆکیەکان بخەنە روو، کە ناکۆکیەکی یاساییە و دواجارئەوان یەکلایی بکەنەوە .
"بۆچوونێکی ترهەبوە لەلایەن هەرێمەوە لە کۆبوونەوەکە دا کە کێشەکە ببرێتە دادگای باڵای فیدراڵی، بەڵام ئەنجومەنی وەزیران وەک یەکەم هەنگاو بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشە یاساییە پێ باش بوە سەرەتا ببرێتە ئەنجومەی دەوڵەت و ئەوان بریاری کۆتایی لە سەر داهاتی نانەوتی بدەن، وتیشی "ئەگە پرسەکە لە دوای ئەم هەفتەیە بە چارەسەر نەکراوی مایەوە، دواتر ببرێتە دادگای فیدراڵی."کاروان یاروەیس وای وت.
ئەمەش لە كاتێكدایە، ئەو پرسانەی لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا یەكلایی نابنەوە، ئەنجومەنی دەوڵەت یەكلاییان دەكاتەوە، یاخود چارەسەرێكی دەستووریی و یاساییان بۆ دەدۆزێتەوە، ئەگەر پرسی داهاتی ناوخۆی هەرێم، لە ئەنجومەنی دەوڵەت یەكلایی نەكرایەوە یاخود حكومەتی هەرێم تانەی لە بڕیارەكەدا، ئەوا رەوانەی دادگای باڵای فیدراڵی عیراق دەكرێت.