نهانیوز-هەواڵەکان
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی دەربارەی کێشەکەی لقی سلێمانی بانکی تی بی ئای ڕایدەگەیەنێت کە مووچەی هیچ مووچەخۆرێک نافەوتێت و هەموو کێشەکان چارەسەر دەکرێن.
ئەمڕۆ سێشەممە 9ی ئەیلول، بڕیار ڕەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی لە لاپەری تایبەتی خۆی لە فەیس بووک ڕایگەیاند" بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ کێشەکانی مووچەی فەرمانبەران لە بانکی “تی بی ئای” لقی سلێمانی، سەردانی بانکەکەی کرد و لەگەڵ بەڕێوەبەری لق کۆبووەوە".
بڕیار ڕەشید ئەوەشی خستەڕوو کە یەکێک لەو گرفتانەی دروست بوون پرسی “ژمارەی نهێنی کە لە ئامێری ڕاکێشانی پارە داخل دەکرێت. پێویستە ژمارەی نهێنی کارتەکان بگۆڕی و ژمارەی پێشوو کە بەنامە پێت گەیشتوە تەنها بۆ یەکجار بەکاردێت، دوای گۆڕینی پێوستە ژمارە نوێکەی کە بۆ کارتەکەت داناوە داخڵ بکەیت لە کاتی ڕاکێشانی پارە، ئەم ژمارەیە کە چوار ژمارەییە پەیوەندی بە ژمارە نهێنی ئەپڵیکەیشنی مۆبایل نیە کە ٦ ژمارەییە، هەر هاوڵاتیەک تووشی ئەم گرفتانە بوون ڕۆژانە دەتوانن سەردانی لقی سەرەکی بکەن بۆ چارەسەرکردنی”.
ئاماژەشیدا بەوەی پێویستە لەسەر بانکەکە لە کەمتر لە چەند کاتژمێرێک بۆیان چارەسەر بکەن.
ئەو ئەندام پەرلەمانەی فراکسیۆنی یەکێتی ڕاشیگەیاند" ئەو کەسانەی کە لە کاتی راکێشانی موچەکانیان گرفت دروست بووە پارەکە لە ئامێرەکە نەهاتووەتە دەرەوە، بەڵام لەسەر ئاپلیکەیشنەکە پارەیان لێ بڕدراوە، ئەم گرفتە بەهۆی ناڕێکی هێڵی ئینتەرنێتەوە دروست دەبێت، ئەو پارەی بڕدراوە لە 2 بۆ 3 ڕۆژ ڕاستەوخۆ دەگەڕێتەوە سەر هەژمارە کەسەکە".
ڕوونیشیکردەوە کە داوای لە لقی سلێمانی بانکی “تی بی ئای” کردووە بە هیچ جۆرێک ئامێرەکانی پارەڕاکێشان بێ پارە نەبن تەنانەت لە ڕۆژەکانی پشوو و ژمارەشیان زیاد بکرێت.
بڕیار ڕەشید جەختیشی کردەوە لەوەی “مووچەی هیچ مووچەخۆرێک نافەوتێت و هەموو کێشەکان چارەسەر دەکرێن”.