کوردستان

کەمال محەمەد: کۆمپانیاکانی وەبەرهێنەری نەوت داواکاری نوێیان هەیە

نهانیوز-هەواڵەکان

وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم سەبارەت بە دانوستانەکانی نێوان هەرێم و بەغدا رایگەیاند" پێشبینیدەکەین، لەکاتێکی زۆر نزیکدا بگەینە ڕێککەوتنی کۆتایی، چونكه‌ تەنها یەک خاڵ ماوە ڕێککەوتنی لەسەربکرێت"،  دەشڵێت" كۆمپانیاكان داوایانکردوە لەبری پارە، بەشێک لەنەوت وەک حەقدەست وەربگرن‌و هەروەها داوای دەستەبەرکردنی شایستە داراییەکانیان دەکەن".

سێشەممە 9ی ئەیلول كه‌مال محه‌مه‌د  وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم ئاشکرای کرد کە کۆمپانیاکانی وەبەرهێنەری نەوت داواکارییەکی نوێیان هەیە، دەشڵێت" كۆمپانیاكان داوایانکردوە لەبری پارە، بەشێک لەنەوت وەک حەقدەست وەربگرن‌و هەروەها داوای دەستەبەرکردنی شایستە داراییەکانیان دەکەن".

وەزیری سامانە سروشتییەکان ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە لەئەگەری هەبونی هەر کێشەیەک له‌نێوان هه‌ولێرو به‌غدا، پێویستە دۆسیەکە بچێتە دادگایەکی نێودەوڵەتیی، نابێت یاسای عێراقی لەم پرسەدا بڕیاربدات.

وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت زانیاریی زیاتری ئاشكراكردو وتی، "دۆسیەی نەوت دۆسیەیەکی ئاڵۆزە، زۆر خاڵی ناکۆکی نێوان هەرێم‌و بەغدا چارەسەرکراون، دیاریکردنی 16 دۆلار بۆ بەرهەمهێنانی نەوت وەک پێشینەیە نەک خەرجی کۆتایی".

ده‌شڵێت، "کێشەی خەرجی بەرهەمهێنانی نەوت چارەسەرکراوە، ڕێککەوتن کراوە کۆمپانیایەکی بەریتانی خەرجی بەرهەمهێنانی نەوت دیاریکراوە، هەروەها ئەو کۆمپانیانە داوایانکردوە لەبری پارە بەشێک لەنەوت وەک حەقدەستی وەربگرن، کۆمپانیاکان داوایانکردوە ڕێککەوتنێکی سێ قۆڵی بکرێت بۆ ئەوەی شایستە داراییەکانیان دەستەبەربکرێت".

سەبارەت بە یاسایی بوونی گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێم كه‌مال محه‌مه‌د دەڵێت"دادگای کەرخ دانی بەیاساییبونی گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمدا ناوە، نەوتی هەرێم لەڕێگەی سۆمۆوه‌ دەفرۆشرێت‌و هه‌ر سۆمۆش سەرپەرشتیدەکات، هەروەها جەختیان لەوەکردەوە، لەئەگەری هەبونی هەر کێشەیەک پێویستە دۆسیەکە بچێتە دادگایەکی نێودەوڵەتیی، نابێت یاسای عێراقی لەم پرسەدا بڕیاربدات".

باسی لەوەشکرد، "پێشبینیدەکەین، لەکاتێکی زۆر نزیکدا بگەینە ڕێککەوتنی کۆتایی، چونكه‌ تەنها یەک خاڵ ماوە ڕێککەوتنی لەسەربکرێت، ئەویش بابەتی دادگایەکی نێودەوڵەتییە لەکاتی هەبونی هەر کێشەیەک، حکومەتی عێراقیش هەنگاوی باشی ناوە بۆ ڕێککەوتن، هەر کاتێکیش نەوت هەناردە بکرێتەوە، کێشەی موچە چارەسەردەکرێت، چونکە داهاتی نانەوتی بەراورد بەداهاتی نەوت کەمترە، پێویستە هاوڵاتییانیش بزانن پشکی هەرێم 70٪ی لەداهاتی نەوتی کوردستانەوە دابیندەکرێت".

ئه‌و وه‌زیره‌ی حكومه‌تی هه‌رێم جه‌ختیكرده‌وه‌، "گەشبینین بەوەی مەلەفی نەوت چارەسەربکرێت، هەروەها تورکیاو عێراقیش لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت کێشەیان نییە، لەبارەی داهاتی نانەوتی‌و گومرگ‌و باج-یش ڕێککەوتن کراوە، موچە مافێکی فەرمانبەرانەو نابێت بکرێتە منەت، نزیکەی شەش مانگە نەوتمان ڕادەستکردوە، لەدوای هێرشە درۆنییەکان بۆسەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم، بەشێک لەکۆمپانیاکان بەرهەمهێنانی نەوتیان ڕاگرت‌و بەشێکی دیکەیان کەمتریان بەرهەمهێنا".

ئه‌وه‌شی نه‌شارده‌وه‌، "هەندێک لایەن هەن دەیانەوێت نێوان هەردوو حکومەت تێکبدەن‌و بەربەست بۆ ڕێککەوتنی هەردولا دروستبکەن، هەروەها لەکێڵگەی نەوتی خورمەڵە 60 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنرێت، بەڵام ئێستا نزیکەی 230 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنین، بەغدا گەرەنتی بداتە کۆمپانیاکان لەماوەی 24 کاتژمێر هەناردەی نەوت دەستپێدەکاتەوە".

 
2025-09-09
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.