کوردستان

رێبەر ئەحمەد: لە عێراقەوە درۆن ئاڕاستەی ژێرخانی هەرێم و هاوڵاتیانی سڤیل دەكرێت

نهانیوز-هەواڵەکان

وەزیری ناوخۆ رایگەیاند کە دەیانەوێت پەرە بە سیستمی دژە درۆن بدەن، دەشڵێت" لە عێراقەوە چەندین درۆن ئاراستەمان دەکرێت بۆ بە ئامانجگرتنی سڤیل و ژێرخانی کوردستان".

دووشەممە 8ی ئەیلول رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە وتارەکەیدا لەبەردەم وێندی گرین، کونسوڵی ئەمریکا لە هەولێر رایگەیاند، "لە عێراقەوە چەندین درۆن ئاراستەمان دەکرێت بۆ بە ئامانجگرتنی سڤیل و ژێرخانی کوردستان، ئەمە دەکرێت ببێتە هەڕەشە بۆسەر ناوچەکە، بۆیە دەمانەوێت کار لەگەڵ ئەمریکییەکان بکەین و بۆ پاراستنی سەقامگیریمان دەمانەوێت پەرە بە سیستمی دژە درۆن بدەین."

وتیشی: "ئەم هاوکارییە تەنها بۆ پاراستنی کوردستان نییە، بەڵکو بۆ پاراستنی کۆمپانیاکان و خەڵکی ئێوەشە (ئەمریکییەکان)".

وەزیری ناوخۆ جەختیشی لەوە کردەوە کە، "رێگە لە هەموو جۆرە کارێکی نایاسایی و قاچاخچێتی دەگرین."

بە وتەی رێبەر ئەحمەد، "هێشتا هێشتا مەترسی داعش کۆتایی نەهاتووە بەتایبەت لە چەند ناوچەی جێناکۆک و هێشتا پێشمەرگە و سوپای عێراق رووبەڕوویان دەبنەوە.

دووپاتیشی کردەوە، "حکومەتی هەرێم پابەندە بە هەماجۆری ئابووری و دروستکردنی هەلی کار بە تایبەتی بۆ گەنجانی خۆمان، ئەوان دڵگەرمن و خوێندەوارن و دەیانەوێت کار بکەن."

لای خۆشیەوە وێندی گرین، کۆنسوڵی ئەمریکا لە وتارێکدا وتی" پەرە بە هاوبەشیمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەدەین و ئێمە دەمانەوێت بازرگانی بکەین نەک ململانێ بۆیە هاورێیەتی و هاوکاریمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان زۆر بەهێزە و کاری زیاتر دەکەین پێکەوە".


2025-09-08
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.