کوردستان

سوودانی دوا دەرفەت بە لیژنەکانی هەرێم و بەغدا دەدات

 

نها نیوز – هەواڵەکان

دوای ئەوەی هەردوو وەفدی هەرێم و بەغدا نەگەیشتنە هیچ  ئەنجام و لێکتێگەیشتنێک ، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەغدا ئاشکرای کرد، سەرۆك وەزیرانی عێراق هەتا رۆژی  سێشەممە دەرفەتی داناوە بۆچارەسەر کردنی کێشەکانی نێوان شاندەکانی هەرێم و بەغدا.

بە پێی زانیارییەکانی نها، لەدوای كۆبونەوەی دوو ڕۆژی ڕابردو، وەفدی دانوستانکاری عێراقی پێداگرییان کردوە لەسەر ڕادەستکردنی سەرجەم داهاتی ناوخۆ، پاشان پێدانی 50٪ی بەهەرێم، بەڵام شاندەکەی کوردستان ئەمەیان ڕەتکردوەتەوە.

سەرچاوەیەكی  ئاگادار لە بەغدا رایگەیاند، ئەگەر تاوەکو ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو نەگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر نەوت‌و داهاتی ناوخۆ، بڕیاردان لەخەرجکردنی موچە ئەستەم دەبێت و بەپێچەوانەوە بابەتی موچەی موچەخۆرانی هەرێم دەبرێتەوە دادگای فیدڕاڵی.

 لە لایەکیترەوە، میدیا عێراقییەكان، ئاشکرایان کرد،  ته‌یف سامی دوو مه‌رجی هه‌یه‌ بۆ موچه‌ی مانگی حه‌وت و بەشاندەكەی وتوە، تا هەناردەی نەوت دەستپێنەكاتەوەو داهاتی نانەوتی ڕادەستنەكەن، موچەی مانگی حەوت نانێرن
.
ئەمە لە کاتێکدایە، سەرچاوەیەکی نزیک لە کۆمپانیا نەوتییەکان ڕاگەیاند، هەرچەندە گفتوگۆکان بەردەوامن، بەڵام هیچ هەنگاوێکی جدی و پراکتیکی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ئارادا نییە."

سەرباری هاتووچۆی بەردەوامی شاندەکانی هەرێم بۆ بەغدا، ناکۆکییەکان تەنها بە نەوتەوە نەوەستاون. پرسی داهاتە نانەوتییەکانیش وەک گرێکوێرەیەکی گەورە ماوەتەوە و بووەتە ئاستەنگێکی سەرەکی لە بەردەم دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم. 

حکومەتی عێراق داوای ڕادەستکردنی 50%ـی داهاتی دەروازە سنوورییەکان و دامەزراوە فیدراڵییەکانی هەرێم دەکات، لە کاتێکدا هەرێم نایەوێت هەموو ڕەسوماته‌كان ڕادەست بکات، بەڵام ئامادەیی نیشانداوە بۆ ڕادەستکردنی 50%ـی داهاتی گومرگ و بەشێک لە باجەکان.

 
2025-09-05
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.