کوردستان

"نها" ترسە گەورەکەی بەغدا بۆ پێداگری گەرانەوەی سەرجەم داهاتەکانی نەوت ئاشکرا دەکات

نها نیوز – هەواڵەکان

بەغدا دەیەوێت سەرجەم داهاتی نەوت بگوازرێتەوە بۆ خەزێنەی فیدراڵی و دواتر دابەشبکرێت بەسەر بودجەدا (بە پشکی هەرێمەوە).شارەزایەکی ئابووریش دەڵێت " بەغدا پێی وایە ئەگەرهەرێم ڕاستەوخۆ نەوتەکەی بفرۆشێت و داهاتەکەی بۆ خۆی بگەرێتەوە، حکومەتی فیدراڵی توانای پشتڕاستکردنەوەی بڕی هەناردەکراو و نرخ و داهاتە ڕاستەقینەکانی لەدەست دەدات،  بۆیە بەغدا سوورە لە سەر فرۆشتنی نەوت لە رێگەی سۆمۆ و گەرانەوەی داهاتەکان.

 لەبارەی هۆکاری پێداگری بەغدا لەبارەی گەرانەوەی سەرجەم داهاتەکانی نەوت، د. خالید حەیدەر شارەزای ئابووری، لە لێدوانێکی تایبەتی دا بە "نها نیوز"ی راگەیاند، پێداگری بەغدا لەسەر ئەوەی هەرێمی کوردستان نەوت ڕادەستی ڕێکخراوی بەبازاڕکردنی نەوتی دەوڵەتی (سۆمۆ)  بکات و سەرجەم داهاتەکان بگەرێتەوە بۆ بەغدا، چەند هۆکارێکی یاسایی و ئابووری و سیاسی هەیە.

 د، خالید دەڵێت " ئەگەر هەرێم ڕاستەوخۆ نەوتەکەی بفرۆشێت، حکومەتی فیدراڵی توانای پشتڕاستکردنەوەی بڕی هەناردەکراو و نرخ و داهاتە ڕاستەقینەکانی لەدەست دەدات .

دەشڵێت  "لە لایەکیترەوە فرۆشتنی نەوتەکەی بە شێوەیەکی سەربەخۆ دەتوانێت هەرێم ناچار بکات داشکاندن پێشکەش بکات بۆڕاکێشانی کڕیاران، ئەمەش فشار دەخاتە سەر نرخی نەوتی عێراق و زیان بە داهاتی گشتی دەوڵەت دەگەیەنێت."
"بەغدا ترسی ئەوەی هەیە ڕێگەدان بە هەرێم بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی نەوتی، ببێتە هۆی هەنگاوی سیاسی دواتر بەرەو جیابوونەوەی ئابووریدا"خالید وای وت.

ئەو شارەزایە لە کۆتاییدا جەخت لەوە دەکاتەوە مەسەلەکە تەنیا ئابووری نییە، هەروەها پەیوەستە بە هاوسەنگی هێز لە نێوان ناوەند و هەرێم، و بە پرسێکی فراوانتر کە بریتییە لە مووچە و دەروازە سنوورییەکان و یاساکانی نەوت و گاز کە لە ساڵی 2007ەوە دەرنەچووە.

2025-09-05
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.