قوباد تاڵەبانی و مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ڕوداوەکەی لالەزاریان تاوتوێ کرد
نهانیوز-هەواڵەکان
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبووەوە و هەڵوێستی لەبارەی مووچە و ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا دەربڕی و دەڵێت”پیویستە چیتر بابەتی مووچە بە بیانوی داهاتی ناوخۆ و نەوت دوانەخرێت”.
ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی ئەیلوولی 2025، بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
بە گوێرەی راگەیەنراوی ئەنجومەنی وەزیران لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، سەرۆکوەزیران نیگەرانی قووڵی خۆی بەرامبەر ڕووداوەکانی ئەمدواییەی شاری سلێمانی دەربڕی، کە بەداخەوە بووە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی ژمارەیەک کەس، سەرۆکوەزیران پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی کەسوکاری قوربانییان کرد و هیوای چاکبوونەوەی بۆ برینداران خواست. هەروەها دووپاتی کردەوە کە پێویستە کێشە و ناکۆکییەکان لە ڕێگەی یاسا چارەسەر بکرێن .
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران، بەوردی باسی رووداوەکانی کرد، کە بەرەبەیانی رۆژی 22ـی ئابی 2025 ڕوویاندا، ئاماژەی بەوەشدا؛ هەوڵ هەبووە پشێوی و ئاژاوەی گەورە دروستبکرێت و پیلان هەبوو بۆ تیرۆرکردنی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە چوار کاتی جیاوازدا، گوتیشی هەر بۆیە ئەوەی کە کرا پووچەڵکردنەوە ئەو پیلانە ئاژاوەگێڕییە و چەسپاندنی یاسا بووە و ئێستاش ڕێکاری یاسایی دەگیرێتە بەر بۆ یەکلا کردنەوە ئەو بابەتە.
لە بەشێکتی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ڕێڕەوی گفتوگۆکانی ئەم دواییەی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ خرایەڕوو، دەربارەی دۆسیەی پۆڵێن و دەستنیشانکردنی بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم، و دۆسیەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران و لەیەکترگەیشتن و کۆنووسی هاوبەشی لیژنەکان.
هەریەک لە کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت و ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوان و ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، ئەنجامی گفتوگۆکانیان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ تایبەت بە هەردوو بابەتی هەناردەکردنەوەی نەوت و داهاتە نانەوتییەکان خستەڕوو.
لە دوای گفتوگۆ ئەنجومەنی وەزیران، شاندی دانووستانکاری هەرێم و بەغدای ڕاسپارد کە لە کۆبوونەوەکانی سبەینێیان کە وا بڕیارە لە بەغدا لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدڕاڵیی ئەنجام بدرێت، بەردەوام بن لە هەوڵەکانیان و پەلە بکەن لە گەیشتن بە چارەسەری گونجاو لە پێناوی هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ، بە تایبەتیش کە هەردوو وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیای نەوتی باکوور و کۆمپانیای سۆمۆ، کۆنووسی هاوبەشی پڕۆتۆکۆلی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتیان واژۆ کردووە، و ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستان بووە، بە زیادەوە کارئاسانی پێویست کراوە بۆ لابردنی بەربەستەکان، و هەوڵەکانیش بەردەوامن بۆ گەیشتنەوە بە ئاستی بەرهەمهێنانی پێش هێرشە تیرۆریستەکانی ئەم دواییەی سەر کێڵگە و دامەزراوە نەوتییەکانی هەرێم.
سەبارەت بە بابەتی هاوبەشی پێکردنی داهاتی ناوخۆی هەرێم لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ، ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە لەوەی ئەم بابەتە، بە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدڕاڵیی و یاسای بودجەی عێراقی فیدڕاڵ ڕێکخراوە کە دادگای فیدڕاڵیش جەختی لێ کردووەتەوە، داواشی کرد لە چوارچێوەی ئەم دوو یاسایە، بابەتی داهاتی نانەوتیش چارەسەر بکرێت هەروەک لە دوا بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵیش جەختی لەسەرکراوەتەوە و لیژنەیەکی تایبەتمەندی هاوبەش بۆ ئەم مەبەستە پێکهێنراوە، تاوەکوو چیتر ئەم دوو بابەتە وەکوو پاساو و بیانوو بۆ خەرجنەکردنی مووچە و شایستەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەکارنەهێنرێت کە بە داخەوە ئێستا لە مانگی ئەیلوولین، کەچی تازە مووچەخۆران مووچەی مانگی حوزەیرانیان بۆ دەنێردرێت کە پێویست بوو مووچە و شایستەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، تێکەڵی ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو حکومەت نەکرێت هەروەک بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵیش جەختی لێ کردووەتەوە.
|