نهانیوز-هەواڵەکان
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەغدا رایگەیاند ئەمڕۆ، لەبەغدا ژمارەیەك كۆبوونەوەی تر سەبارەت بەمووچە ئەنجام دەدرێت و بە پێی دوا زانیارییەکان، هێشتا بەغدا رازی نەبووە پارەی مووچەی مانگی شەش خەرج بكات، سەرچاوەیەکیش دەڵێت بڕیارە، ئەگەر رێکەوتن بكرێت، سبەینێ ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بڕیار لەبارەی خەرج كردنی دەدات.
لە دوا کۆبوونەوەی وەفدی باڵای حكومەتی هەرێم، لەگەڵ تەیف سامی وەزیری دارایی عیراق سەرجەم گرفت و خاڵی ناكۆكەكان گفتوگۆیان لەبارەوە كرا، بەڵام نەگەیشتن بە خاڵێكی هاوبەش و كۆتایی لەبارەی داهاتی نانەوتیی هەرێم ، ئەمڕۆش كۆبوونەوەكانی وەفدەكەی هەرێم لەبەغدا بەردەوام دەبێت و پێدەچێت سبەینێ سێ شەممە ، لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بریار لە چارەنوسی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆرانی هەرێم بدرێت .
لەوبارەیەوە سەرچاوەیەكی ئاگادار راگەیاندووە، رۆژی یەكشەممە وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان سێ كۆبونەوەیان لەگەڵ هەریەكە لە وەزارەتی دارایی عیراق و دیوانی چاودێری دارایی و محەمەد تەمیمی سەرۆكی لیژنە وزارییەكەی حكومەتی عیراق ئەنجامداوە.
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی ئاشكراكردووە، چاوەڕوان دەكرێت سبەینێ لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، لیژنە وزارییەكە راپۆرتی وەفدی هەرێم و وەزارەتی دارایی عیراق، پێشكەش بە سەرۆك وەزیرانی عیراق بكات و ئەوكات بڕیار لەسەر چارەنووسی موچەی مانگی شەشی هەرێم دەدرێت.
هەرێم پێیوایە بەپێی دەستووری عیراق و یاسای بودجە، 100%ی كۆی داهاتی رسوماتی وەزارەتەكان هی خۆیەتی، بەڵام ئامادەیی دەربڕیوە 50%ی داهاتی گومرگ و باجی دەرامەت بنێرێت و 100%ی كۆی داهاتی دامەزراوە فیدراڵییەكانیش تەسلیمبكات.
لەبەرامبەردا عیراق بۆچوونی وایە، بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی دەوڵەت، دەبێت %50ی كۆی داهاتی رسوماتی وەزارەتەكان بنێرن و 100%ی كۆی داهاتی گومرگ و باجیش بنێرن، بەمەش گرێكوێرەی هەردوو حكومەت لەدوای دۆسییەی نەوت لەسەر جیاوازیی بڕی داهاتی ناوخۆیە كە تەسلیمبكرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە لە کۆتایی مانگی8 داین، بەڵام هێشتا مووچەی مانگی 6 لە هەرێم دابەش نەکراوە وهیچ وادەیەک بۆ دابەشکردنی نییە.