کوردستان

نها مەترسی هاتنی هێزەکانی ئەمریکا بۆ هەولێر ئاشکرا دەکات

نها نیوز – هەواڵەکان

لەدوای ئەوەی ئەمریکا فشارەکانی بۆسەر هەڵوەشاندنەوەی هێزە میلیشیاکانی عێراق بەتایبەت حەشدی شەعبی راگەیاند و فیدراڵ پابەند نەبوو! هێزە هاوپەیمانییەکان روو دەکەنە هەرێمی کوردستان بەتایبەت شاری هەولێر. نها بۆ ئاشکراکردنی مەترسی هاتنی ئەو هێزانە بۆ پایتەختی کوردستان زانیاری نەبیستراو دەخاتە روو.

لیوا محەمەد سابیر هەمەوەندی، شارەزای بواری سەربازی لەبارەی کشانەوەی هێزە هاوپەیمانییەکان لە عێراق بە نها نیوزی وت "راستە هاوپەیمانانی ئەمریکا لە عێراق دەکشێنەوە، چونکە دۆخی ئێستا زۆر ئاڵۆزە و لەلایەکی دیکەشەوە ئێران و ئەمریکا نەگەیشتوونەتە رێککەوتن".

وتیشی "لاریجانیش کە هاتە عێراق و هاوپەیمانییەکی دروستکرد لەگەڵ سودانی، ئەوەش بەو واتایە دێت هەر کێشەیەک لە عێراق بێت لە ئێرانە وە بەپێچەوانەوە، ئەوەش دۆخێکی ترسناکە بۆ هێزەکانی ئەمریکا. هەروەها ئەمریکاش لەبەر بەرفراوانی هێزی حەشدی شەعبی ناتوانێت چەکیان پێ دانێت و تا بێت بەهێزتریش دەبن، هێزەکانی دەکشێنێتەوە".

ئەو خاڵیکی گرنگ ئاشکرا دەکات و دەڵێت "من پێمواییە رووبەڕووبوونەوەی ئەمریکا و ئێران نزیکە، هەر ئەوەیش وایکردووە بەناچاری ئەمریکا هێزەکانی بکشێنێتەوە بۆ کوردستان".

ئەو شارەزا سەربازییە بە ئاشکرا بێ توانایی ئەمریکا لە مەڕ حەشدی شەعبی دەخاتە روو و، ئاماژە بەوە دەکات "ئەمریکا لەئیستادا ئەو هێزەی نییە لە عێراق ئیدارە بکات، بەتەنیا فڕۆکە شک دەبات و لەهێزی زەمینی لاوازە، بەوەیش ناچارە هێزەکانی بکشێنێتەوە بەرەو کوردستان، چونکە ناوچەی هەولێر زۆر ئەمانە بۆ هێزی ئەمریکا هەروەها دووریشە لە ئێران".

محەمەد هەمەوەندی راشیگەیاند "ئەگەر هێزەکانی هاوپەیمانان بێنە هەولێر و کێشەیان بۆ دروستبکرێت لەلایەن میلیشیاکانی ئێران و حەشدی شەعبی و عێراقەوە دەبێت، واتە ئەگەر هێزەکان بکەونە شەڕەوە؛ ئەمریکا دوژمنەکانی خۆی دەناسێت، نەک هەرێم تاوانبار بکات".

پەیوەست بە مەترسی کوردستانیش، شارەزا سەربازیەکە هێمای بۆ ئەوەکرد، کە حکومەتی کوردستان هیچ مەجالێک نادات هیچ هێزێکی لاوەکی و دەرەکی هێرشبکاتە سەر هەرێم.

سەبارەت بە مەترسی بوونی هێزە ئەمریکییەکان لە هەولێر، محەمەد سابر هەمەوەندی وتی "مەترسیەکە زۆر نییە، ئەگەریش مەترسیش بۆ هەرێم هەبێت و زیانی بەربکەوێت، لە پاشەڕۆژدا بە قازانج دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان لەلایەن ئەمریکاوە".
 
2025-08-24
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.