دوای 84 رۆژ لە نەدانی مووچە حکومەتی کاربەڕێکەر ئەم هەفتەش کۆنابێتەوە
نها نیوز – هەواڵەکان
84 رۆژە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەیان وەرنەگرتووە، بەپێی وتەی وتەبێژی قوباد تاڵەبانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ئەم هەفتەیەش کۆنابنەوە لەسەر مووچە، کە دەکاتە مانگێک کۆنەبووەتەوە.
سەمیر هەورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆكی حكومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان بەبێ ئەوەی هۆکارەکەی ئاشکرا بکات، بەمیدیاکانی وت "بۆ ئەم هەفتەیەش كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بەڕێوە ناچێت".
ئەوەش لەكاتێكدایە كە چوارەم هەفتەیە حكومەتی هەرێم كۆنابێتەوە بۆ باسكردن لە پرسی مووچە و ڕێككەوتنەكانی لەگەڵ بەغدا لەبارەی پرسی نەوت و داهاتی نانەوتی، هاوكات تائێستاش دیار نییە كە بەغدا كەی پارەی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێم ڕەوانە دەكات لەكاتێكدا نزیك دەبینەوە لەمانگی نۆ.
|