نها نیوز – هەواڵەکان
ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی مووچەی هەرێم، داوای فەتوا لە مەرجەعی باڵای شیعە دەکات و رایدەگەینێت، دەکرێت لەبارەى مووچەوە فەتوایەک بدات وەک پرسێکى مرۆیی.
كاروان یاروەیس بڕیاردەری فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی عێراق، سەبارەت بەچارەسەرکردنی مووچە و بژێوی سەختی خەڵکی کوردستان، نامەیەک ئاڕاستەى نووسینگەی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعە دەکات و داوادەکات سیستانی رۆڵ بگێڕێت لە چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی هەرێمی کوردستان.
ئەو ئەندام پەرلەمانە لە بەشێکی نامەکەی دا دەڵێت "رۆڵەکانی گەلی کوردستان لە دۆخێکی بژێوی زۆر سەختدان، زیاتر لە (90) ڕۆژە مووچەیان وەرنەگرتوە، مووچەخۆرو خانەنیشنان و پێشمەرگە و ئەو رۆڵە قارەمانانەی کە رژێمی بەعس و تیرۆریستانی داعشیان شکاند بێمووچەن، مناڵ و نەخۆش و پیرو پەککەوتە بێ شیر و بێ دەرمان و گوزەرانیان زۆر سەختە، کەسوکاری شەهیدان و قوربانیانی دەستی ستەمی بەعس بێ مووچەن".
کاروان یاروەیس، لە بارەی نامەکەی دەڵێت دا "مەرجەعی باڵا، لەپاش 2003 هەمیشە رۆڵى لە پرسە چارەنووسازەکان هەبووە و رۆڵی خێر و ئاشتەوایی بینیوە، دەکرێت لەبارەى مووچەوە فەتوایەک بدات وەک پرسێکى مرۆیی".
دەشڵێت "قسەکانى مەرجەعى باڵاى شیعەکان لاى شیعەکان بە یەکلاکەرەوە دادەنرێت، ئەگەر چارەسەرى تەواویش بۆ دۆخى مووچە نەکات، بەڵام کاریگەرى دەبێت لەسەر حکومەتى عێراق کە حکومەتێکى شیعە مەزهەب ئیدارەى حکومەت دەدات".
ئەو ئەندامەى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، جەختى لەوەشکردەوە، چاوەڕێدەکات وەڵامى نامەکەی بە نووسراوێک بدەنەوە یاخود لەرێگەى فەتوایەکەوە باسی مووچەی هەرێمی کوردستان بکەن.
ئەمە لەکاتێکدایە، بڕیارە شاندێکى هەرێمى کوردستان لە سەرەتاى ئەم هەفتەیەدا سەردانى بەغداد بکات، ئامانجی سەردانی وەفدەکە بۆ بڕیاردانە لەسەر داهاتى نانەوتی و هەناردەکردنەوەى نەوت، بۆ ئەوەی پرسی مووچە یەکلاییبکرێتەوە و گرفتەکان کۆتاییان بێت.