قوباد تاڵەبانی: ناهێڵین خوێنی شەهیدانی چەسپاندنی یاسا بەفیڕۆ بچێت
نهانیوز-هەواڵەکان
جێگری سەرۆکی حکومەتی
کوردستان لە پەیامێکدا هاوخەمی خۆی بۆ شەهیدبوونی سێ ئەندامی هێزە ئەمنییەکان
دەربڕی، دەشڵێت" ناهێڵین
خوێنی شەهیدانی چەسپاندنی یاسا بەفیڕۆ بچێت ".
ئەمڕۆ هەینی 22ی ئاب قوباد تاڵەبانی جێگری
سەرۆکی حکومەتی هەرێم بەبۆنەی شەهیدبوونی سێ ئەندامی هێزە ئەمنییەکان بەدەست هێزە
چەکدارەکانی لالەزار پەیامێکی بڵاوکردەوە.
لە بەشێکی پەیامەکەیدا قوباد تاڵەبانی دەڵێت"
زۆر دڵگران بووین بە شەهیدبوونی سێ ئەندامی هێزە ئەمنییەکان، شەهیدان (سەرمەند عەلی،
دیار سەردار حەکیم و ئاری شێخ سوعاد تاڵەبانی) کە لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکی چەسپاندنی
یاسا و پاراستنی ئاسایشدا گیانیان بەخت
کرد".
جێگری سەرۆکی حکومەت لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەشیدا
دەڵێت"لە دڵەوە پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی خانەوادە و کەسوکاری سەربەرزیان و هەموو
هەڤاڵ و هاوسەنگەرەکانیان دەکەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم و داواکارم خوای گەورە
روحی ئەم شەهیدە سەربەرزانە بە بەهەشتی بەرین شاد بکات. هەروەها هیوای چاکبوونەوەی
خێراش بۆ بریندارەکان دەخوازم".
قوباد تاڵەبانی لە کۆتایی پەیامەکەشیدا هەموو
لایەک دڵنیا دەکاتەوە کە ناهێڵن خوێنی شەهیدانی چەسپاندنی یاسا بەفیڕۆ بچێت و
تاوانباران رووبەڕووی سزای یاسایی دەکرێنەوە.
|