کوردستان

لە شەڕەکەی لالەزاردا 3 کارمەندی هێزە ئەمنییەکان گیانیان لەدەستدا

نهانیوز-هەواڵەکان

لە شەڕ و پێکدادانەکەی لالەزاردا  سێ کارمەندی هێزەکانی دژە تیرۆر و کۆماندۆ و ئۆپراسیۆنی ئاسایش  گیانیان لەدەستدا.

فەرماندەیی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان بڵاویکردەوە، "دیار سەردار حەکیم، پێشمەرگەی فەرماندەییەکەمان لە بەرەبەیانی رۆژی هەینی، لەپێناو چەسپاندنی یاسا، ئاسایش و ئارامی هەرێمی کوردستان شەهید بووە."

لای خۆشییەوە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر بڵاویکردەوە، "شەوی پێنجشەممە، ئاری شێخ سوعاد تاڵەبانی، لە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان لە کاتی سەپاندنی یاسا و جێبەجێکردنی بڕیاری دادوەر، گیانی سپارد و شەهید بوو."

هەروەها هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپراسیۆنی ئاسایش، "شەهیدبوونی سەرمەند عەلی کارمەندی هێزەکەی لە پێکدادانەکانی لالەزار راگەیاند."

جگە لە کارمەندەکانی ئاسایش، دژەتیرۆر و کۆماندۆ، ژمارەیەک کارمەندی ئەمنییش برینداربوون و لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی چارەسەر وەردەگرن.

هەر لەو پەیوەندییەدا جەلال شێخ ناجی سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆر لە راگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، "دڵنیایی دەدەن، خوێنی شەهیدان بەفیڕۆ ناڕوات، لە یاسا دەرچووان بە توندترین شێوە سزا دەدرێن و دەستگیرکردنیان تەنیا قۆناغی یەکەمی سزادانیان بووە."

 
16کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.