کوردستان

دەرباز کۆسرەت رەسوڵ: گفتوگۆکانی نێوان یەکێتی و پارتی ئەرێنین و بە ئاڕاستەی لێکتێگەیشتنی هاوبەشە

نهانیوز-هەواڵەکان

ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتیی لەبارەی پرسی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم ئاشکرای دەکات کە گفتوگۆکانی نێوان یەکێتی و پارتی ئەرێنین و بە ئاڕاستەی لێکتێگەیشتنی هاوبەشە.

دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتیی لە شاری هەولێر، پێشوازی کرد لە ستیڤن فەیگن، هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عیراق و لە دیدارێکدا کە وێندی گرین، كونسوڵی گشتیی ئەمریكا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، باس لە باروودۆخی ئێستای ناوچەکە و پەیوەندی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان و پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی عیراق و هەرێمی کوردستان کرا.

بەپێی ڕاگەیەنراوی نووسینگەی لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتیی، هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عیراق و مووچە و کێشەکانی نێوان هەولێرو بەغدا و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم گفتوگۆیان لەبارەوە کرا، دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ رایگەیاند"  مووچە و قووتی خەڵک جیابکرێتەوە لە موزایەدەی سیاسیی و بانگەشەی هەڵبژاردن".

پرسی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان تەوەرێکی تری گفتوگۆکان بوو، دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ جەختی لەوەکردەوە کە، گفتوگۆکانی نێوان یەکێتی و پارتی ئەرێنین و بە ئاڕاستەی لێکتێگەیشتنی هاوبەشە.


2025-08-20
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.