هێزێکی زۆر ئەمنی لەم ناوچەیەی هەرێم خرایە حاڵەتی ئامادەباشییەوە
نها نیوز – هەواڵەکان
بەهۆکاری ئەوەی واژۆ لە جوتیارانی کوردی گوندی تەپەسەوز لە قەزای خورماتوو کۆبکرێتەوە، هێزێکی زۆری ئەمنیی عێراقی لەبەردەم قائیمقامیەتی قەزاکە خرابووە حاڵەتی ئامادەباشی، شایەتحاڵێکیش بە نها دەڵێت "رازی نیین هیچ هێزێک بچێتە نێو گوندەکەوە، گەرنا رووبەڕوویان دەبینەوە".
ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کەرکوک تایبەت بە نها نیوزی وت "هێزێکی زۆری سوپای عێراق و پۆلیسی فیدڕاڵی و یەکەی وەڵامدانەوەی خێرا بەیانی ئەمڕۆ لەبەردەم قائیمقامیەتی قەزای دوزخورماتوو کۆکرابوونەوە و خرابوونە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ ئەوەی بڕۆنە نێو گوندی تەپەسەوز لەسنوی قەزای دوزخورماتوو".
سەرچاوەکەی نها هۆکارەکەی ئاشکراکرد و رایگەیاند "ئەو هێزانە دەیانەوێت واژۆ لەجوتیارانی کوردی گوندەکە وەربگرن تاوەکو دەستبەرداری زەویوزارەکانیان بن و عەرەبی هاوردە لەو گوندەیە کشتوکاڵ بکەن، کە دوای ئەوەی بەبڕیاری دادگا ژمارەیەکی زۆر زەیوزاری جوتیاری کورد دراوەتەوە خەڵکی عەرەب کە دانیشتووی گوندەکانی دەوروبەری گوندی تەپەسەوزن".
لایخۆشییەوە شایەتحاڵێک کە پێی باشنەبوو ناوی ئاشکرا بکرێت بە نها دەڵێت "وەکو خەڵکی گوندی تەپەسەوز رازی نین هیچ هێزێک بچێتە نێو گوندەکەوە و گەر هەر هێزێکیش بچێتە نێو گوندەکەوە وەکو دانیشتوانی گوندەکە رووبەڕوویان دەبینەوە، ئەم پەیامەشمان بۆ قائیمقامی دوزخورماتووە".
|