کوردستان

پارێزگاری کەرکووک بە دوو نووسراو وەڵامی شاخەوان عەبدوڵای دایەوە

نهنایوز-هەواڵەکان

 دوای ئەوەی شاخەوان عەبدوڵا بڵاوی کردەوە، بە پێی نووسراوێکی پارێزگاری کەرکووک هەریەک لە شوان، لەیلان، سەرگەڕان، یایچی، تازە، پردێ، داقوق و دووبز خرانە سەر حەویجە، نووسینگەی ڕاگەیاندنی پارێزگاری کەرکوک بە تووندی هاتە دەنگ و بە نووسراوێکی فەرمی  وەڵامی ناوبراوی دایەوە.  

نووسینگەی ڕاگەیاندنی پارێزگاری کەرکوک لە ڕوونکردنەوەیەکدا وەڵامی شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی سەبارەت بە گواستنەوەی ئیداری چەند شارۆچکەیەک بۆ سەر قەزای حەویجە دایەوە و ڕایگەیاند ڕەزامەندیی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، تەنیا و تەنیا تایبەتە بە جیاکردنەوەی فەرمانگەی کارەبای قەزای حەویجە لە فەرمانگەی گشتیی کارەبای کەرکوک.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، ئەگەر کەسانێک نیازیان هەبێت شوێنی دیکە بخەنە سەر ئەم بڕیارە، ئەوا هەوڵەکانیان تەنها لەسەر کاغەز دەمێنێتەوە و هیچ بەهایەکی کارپێکردنی نابێت.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی پارێزگاری کەرکوک راشیگەیاند، دەبوو شاخەوان عەبدوڵا، دەقی نووسراو و ڕەزامەندییەکەی سەرۆک وەزیرانی بڵاوبکردایەتەوە، کە بە دڵنیاییەوە نووسراوەکەی لەلایە، بۆ ئەوەی هیچ تەمومژ و لێکدانەوەیەکی هەڵە بۆ بابەتەکە دروست نەبێت.

 
2025-08-20
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.