قوباد تاڵەبانی هەنگاوێکی گرنگ و جدی دەنێت
نها نیوز - هەواڵەکان
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازیکرد لە بریجیش کومار، کونسوڵی گشتیی نوێی هیندستان لە هەرێمی کوردستان و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چەند پرسی جێی بایەخی هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەمە(13/8/2025) بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە کونسوڵی گشتیی نوێی هیندستان کرد و ئامادەیی نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیرانی دەربڕی بۆ هەموو جۆرە پشتیوانی و هاوکارییەک بۆ سەرکەوتن لە ئەرکەکەیدا. هەروەها سوپاسی کونسوڵی گشتیی پێشووی ئەو وڵاتەشی کرد لە هاوکارییەکانی بە تایبەت لە بواری پەرەپێدانی تواناکانی گەنجاندا.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە شێوازی حکومڕانی و پرۆسەی گەشەپێدانی هەرێمی کوردستان کرا، لەمبارەیەوە جێگری سەرۆکوەزیران ئاماژەی بە گرنگیی سەروەریی یاسا و بەهێزیی دامەزراوەکانی حکومڕانی کرد وەک بنەمایەکی سەرەکی بۆ پاراستنی سەقامگیری و گەشەسەندنی هەر وڵاتێک.
هەر لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی روونیشی کردەوە کە بۆ گەشەپێدان و بەهێزترکردنی کەرتی تایبەت، کاردەکەن بۆ پەرەپێدانی کارسازی و تواناکانی هێزی کاری گەنجان و سوپاسی حکومەتی هیندستانیشی کرد کە لە ماوەی رابردوودا لەمبارەیەوە هاوکاری هەرێمی کوردستانی کردوە.
داواشیکرد کونسوڵی گشتیی نوێی هیندستان زیاتر هاوکاربێت بۆ پەرەپێدانی تواناکانی گەنجان لە بوارە جیاوازەکاندا و بە تایبەتیش لە بوارەکانی کارسازی و تەکنەلۆژیادا بەوپێیەی هیندستان ئەزمونێکی دەوڵەمەند و سەرکەوتووی لەمبارەیەوە هەیە.
|