شاندێکی حکومەتی هەرێم بۆ تاوتوێی پرسی مووچە لە بەغدایە
نهانیوز-هەواڵەکان
ئێستا شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان گفتوگۆ لەبارەی پرسی مووچە دەکەن.
میدیای پارتی لەزاری سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند" ئێستا شاندێکی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان گفتوگۆ لەبارەی پرسی مووچە دەکەن، شاندەکە تەکنیکی و هی وەزارەتی دارایی و ئابووری نییە، بەڵکو شاندی حکومەتی کوردستانە".
سەرچاوەکە بە میدیاکە وتووە" پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان نزیکبووەتەوە لە چارەسەر، بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو دوو کێشەی نێوان کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان و حکومەتی عێراق چارەسەر بکرێن، ناکۆکی لەبارەی 16 دۆلارەکەی تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێک نەوت، لەگەڵ قەرزی کۆمپانیاکان کە بڕەکەی یەک ملیار دۆلارە، شایستەی دارایی کۆمپانیاکانە و تاوەکو ئێستا بۆیان خەرج نەکراوە".
رۆژی 17ی 7ی 2025، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لەكۆبوونەوەی نائاسایی خۆیدا لێكتێگەیشتنی نوێی لەگەڵ هەرێم پەسند كرد و بڕیاردرا مووچەی مانگی پێنج رەوانەی هەرێم بكرێت، لە بەرامبەریشدا حكومەتی هەرێمی پابەند كرد بە هەناردەكردنی 230 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لەڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە، هاوكات ناردنی 120 ملیار دیناری مانگانە لە داهاتی نانەوتی و ئەنجامدانی تەوتین بۆ مووچەخۆرانی هەرێم لە ماوەیەكی نزیكدا، بەڵام رێککەوتنەکە کێشەی تێکەوت و تا ئێستا چارەنوسی مووچە دیار نییە.
|