کوردستان

ناکۆکییەکانی هەرێم و بەغدا سوننەی هێنایە دەنگ

نها نیوز - هەواڵەکان

کەسایەتیی دیاری سیاسیی سوننە لە بارەی ناکۆکییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا،  جەخت لە پێویستیی گەیشتن بە چارەسەرێکی ڕیشەیی و کۆتایی دەکاتەوە کە بوار بۆ پاشگەزبوونەوەی هیچ لایەک نەهێڵێتەوە.

ساڵەح موتڵەگ، جێگری پێشووتری سەرۆک وەزیرانی عێراق و کەسایەتیی دیاری سیاسیی سوننە لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆمیدیای پەنجەرە، ، هۆشداری دەدات لەوەی کە بەردەوامبوونی ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، هەردوو لا و عێراق بەگشتی ڕووبەڕووی "زیانی گەورە" دەکاتەوە. هاوکات جەخت لە پێویستیی گەیشتن بە چارەسەرێکی ڕیشەیی و کۆتایی دەکاتەوە کە "بوار بۆ پاشگەزبوونەوەی هیچ لایەک نەهێڵێتەوە."

موتڵەگ رایگەیاند، کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تێکەڵەیەکن لە کێشەی "کۆن و نوێ" کە ساڵانێکە بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە. ئەم کێشانە پرسی بودجە و مووچە، یاسای نەوت و گاز، چارەنووسی ناوچە جێناکۆکەکان بەپێی ماددەی 140ـى دەستوور، هەروەها بڕیارەکانی ئەم دواییەی دادگای باڵای فیدراڵی لەخۆدەگرن، کە بوونەتە هۆی گرژیی بەردەوام لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولادا.

موتڵەگ، جەختی لەوە کردەوە کە چارەسەرەکان نابێت کاتی و بەش به‌ش بن، بەڵکو دەبێت ستراتیژی و هەمەلایەنە بن.

وتیشی "ئەگەر ئەم ناکۆکییانە بەردەوام بن، نەک تەنها هەرێمی کوردستان، بەڵکو تەواوی عێراق زەرەرمەندی سەرەکی دەبێت. وتیشی: "لۆژیک پێمان دەڵێت، دەبێت لایەنەکان ڕاستگۆیانە و بە جددی ئەو کێشانە چارەسەر بکەن کە ناوبەناو سەرهەڵدەدەنەوە."

هەولێر و بەغداد بۆچوونیان جیاوازە لەبارەی داهاتی نانەوتییەوە، هەریەکەیان بە جیا لێکدانەوەى بۆ دەکەن و ئەوەش لە ئێستادا بووەتە گرێ کوێرەیەک و هەر لایەنێکیان بۆ بۆچوون و خواستی خۆیان لەبارەی داهاتی نانەوتی لە هەرێمی کوردستان ژمارەیەک پاساویان هەیە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆچوونى وایە، بەگوێرەی یاسای بودجە، تەنیا 50%ـی داهاتی سیادی دەنێرن، واتا مانگانە 50 بۆ 60 ملیار دینار دەکات، بەڵام عێراق دەڵێت، "50%ـی کۆی داهاتی ناوخۆى دەوێت بە سیادی و ناسیادییەوە و نابێت مانگانە لە 120 ملیار دینار کەمتر بێت".

 
2025-08-12
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.