نها نیوز – هەواڵەکان
ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی هێرشدەکاتە سەر ئۆپۆزسیۆنەکان و پێیوایە ئەوان لە بەغدا دژی به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكن، لەبەرامبەردا حزبێکی ئۆپۆزسیۆنێکیش دەڵێت "ئێوەی پارتی توشی دووفاقی بوون".
فازڵ بەشارەتی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان بە میدیاکانی وت "نازانم بیرکردنەوەی برادەرانی ئۆپۆزسیۆن چۆنە، بەڵام نوێنەرەکانیان لە بەغدا گوتار و بۆچوونەکانیان دژی هەرێم و بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانە".
له‌به‌رامبه‌ریشدا بورهان موزه‌فه‌ر، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كگرتوى ئیسلامی كوردستان "بەدڵنیاییەوە ئێمە مافی خەڵکی هەرێمی کوردستان ئەولەوییەتی ئیشوکارەکانمانە و بۆ ئەویش لە بەغدا ماوینەتەوە، به‌ڵام لایەنەکانی دەسەڵاتى هه‌رێم توشی دووفاقی "ئیزدیواجییەت" بوون کە خۆشیان لەخۆیان تێناگەن ئایا ئەمان لەگەڵ دەسەڵاتی بەغدا شه‌ریکن یان دوژمنن؟".
وتیشی "ئەگەر ئەمان دوژمنی بەغدان، ئه‌ى چی دەکەن لەناو حکومەتەکەی سودانیدا، سه‌رۆك كۆماریان هه‌یه، وەزیری ده‌ره‌وه‌یان هەیە؟".
به‌شاره‌تىش دەڵێت "ڕاستە لە هەرێمی کوردستان نادادیی و گلەیی و گازەندە هەیە، بەڵام ناکرێت ئەمە بکرێتە بیانوو بۆ دژایەتی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان و مامەڵەکردن بە پێچەوانەی بەرژەوەندی نیشتمانی."
بەڵام بورهان موزەفەر ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوان لە دوور و نزیکەوە کار بۆ بەرژەوەندییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان ناکەن، به‌ڵكو "تەنیا لە خەمی دابینکردنی بەرژەوەندییە حیزبی و کەسییەکانی خۆیانن."
ئەوەیش له‌كاتێكدایه كه ناکۆکییەکانی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن له هەرێمدا ڕوو له قوڵبوونه‌وه‌ى زیاتره، به‌شێوه‌یه‌ك ئێستا جگه له گۆڕه‌پانى ناوخۆیی هه‌رێم، زۆرجاریش بۆ ده‌ستشكاندنه‌وه‌ى یه‌كتر په‌نا بۆ گۆڕه‌پانى به‌غداش دەبەن.