کوردستان

قوباد تاڵەبانی کلیلی چارەسەری ریشەیی کێشەی مووچەی راگەیاند

نها نیوز – هەواڵەکان

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازیکرد لە گویندەلن گرین، کونسوڵی گشتیی نوێی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و پێکەوە لەبارەی چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا گفتوگۆیان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی دووشەمە(11/8/2025) بە ئامادەبوونی ستیڤن بیتنەر، کونسوڵی پێشووی ئەمریکا بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی بەخێرهاتنی کونسوڵی نوێی کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆخواست لە ئەرکەکەیدا. هەروەها سوپاسی هەوڵ و ماندووبوونەکانی ستیڤن بیتنەر، کونسوڵی پێشووی کرد لە بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان و بە تایبەتیش هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ لێکنزیککردنەوەی بۆچوونی لایەنە کوردستانییەکان بەرز نرخاند.

لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا باس لە گرنگیی بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کرا لە بوارە جیاوازەکاندا. لەمبارەیەوە جێگری سەرۆکوەزیران پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و کوردستانی بە پەیوەندییەکی تایبەت و مێژوویی وەسف کرد و رایگەیاند هەرێمی کوردستان شانازی بەو پەیوەندییە مێژووییە دەکات کە لەسەر بنەمای بەهای هاوبەش بونیادنراوە و جەختیشی کردەوە کە دەبێت ئەو بەها هاوبەشانە لە کوردستاندا بەهێزتر بکرێت.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان کرا و هاوڕابوون لەسەر پێویستیی پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و یەکگرتوو لە ماوەیەکی نزیکدا. 

 سەبارەت بە کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و پرسەکانی هەناردەکردنەوەی نەوت و چارەسەرکردنی کێشەی موچەخۆرانی هەرێم، جێگری سەرۆکوەزیران بە ئاماژەدان بەو رێککەوتنەی ئەم دوایانە جەختیکردوە کە هەناردەکردنەوەی نەوت، کلیلی چارەسەری ریشەیی کێشەی موچە و بودجەیە و روونیشی کردەوە کە لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم.

 
2025-08-11
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.