نها هۆکاری کوژرانی گەنجەکەی شارەزوور ئاشکرا دەکات
نها نیوز - هەواڵەکان
ئەمڕۆ لەقەزای شارەزوور گەنجێکی تەمەن 40 ساڵ لەنێو ئۆتۆمبێلەکەیەدا بە دەستڕێژی گوللـە کوژرا، نها لەرێگەی دوو سەرچاوەوە هۆکارەکەی دەخاتە روو.
نیوەڕی ئەمڕۆ یەکشەمە کاتژمێر 2:30ی خولەک لەنزیک قوتابخانەی هیوا لە قەزای شارەزوور، رووداوێکی دەستڕێژی گوللـە ڕوویدا کە بەهۆیەوە هاوڵاتییەک گیانی لەدەستدا.
سەرچاوەیەکی باڵا لە پۆلیسی قەزای شارەزوور لەلێدوانێکدا بە نها نیوزی وت "ئەو رووداوە کێشەی کۆمەڵایەتی بووە تائێستا چوار کەس لەنێوان ئەو دوو بنەماڵە لەسەر دوژمنداری کوژراون، بکوژی گەنجەکەی ئەمڕۆش تاوەکو ئێستا دەستگیر نەکراوە".
شایەتحاڵێکیش کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە نها نیوز دەڵێت "ئەم رووداوە کێشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2018، رووداوەکە بەوجۆرەیە بووە، کە (ئ. م. ع) دایکی بردووە بۆ "عایدە"ی ددان و لەوێدا گەڕاوەتەوە بۆ نێو ئۆتۆمبێلەکەی کە شتێک بهێنێت، بەبەرچاوی دایکییەوە؛ دەستڕێژی گوللەی لێکراوە".
هاوکات نەخۆشخانەی گشتی شەهید ڕەووف بەگ لە قەزای شارەزوور رایگەیاند "ئەوکەسەی گیانی لەدەستداوە ناوی (ئ. م. ع)ە و تەمەنی 40 ساڵە و خێزاندارە بەمردووی گەیەندراوەتە نەخۆشخانە".
ئاماژەی بەوەشدا، دوای ڕێکاری تەندروستی ڕەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی کراوە.
نها زانیویشیەتی، هێزە ئەمنیەکانی شارەزوور لێکۆڵینەوەی فەرمییان لەبارەی رووداوەکەوە دەستپێکردووە.
|