کوردستان

پەرلەمانتارێکی پارتی، رەخنەی تووند لە بەغدا دەگرێت

نها نیوز – هەواڵەکان

پەرلەمانتارێکی پارتی، رەخنەی تووند لە دەسەڵاتی بەغدا دەگرێت و دەڵێت "بەئەنقەست بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکات بۆ ئەوەی قەوارەکەی لاوازوسنووردار بکات و هیچ شتێک بەناوی هەرێمی کوردستانەوە نەمێنێت، لە کاتێکدا چاوپۆشی لە گەندەڵییە بێشومارەکانی نێو دامەزراوەکانی خۆی دەکات."

شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە میدیای پارتی راگەیاند ئەو مامەڵە و لێپێچینەوەیەی حکومەتی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەیکات، ئەگەر لەگەڵ دامەزراوەکانی خۆی بیکات، عێراق پێویستی بە فرۆشتنی نەوت نابێ. 
دەشڵیت"ئەو وردبینی و لێپێچینەوەیەی ئێستا حکومەتی فیدراڵیی عێراق لەبارەی داهاتی نانەوتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەیکات، ئەگەر لەگەڵ دامەزراوەکانی خۆی بیکات، وەک دەروازە سنوورییەکان، باج، رسوومات و داهاتی فەرمانگەکانی، ئەوا داهاتی نانەوتیی عێراق ئەوەندە زۆر دەبێ پێویستی بە فرۆشتنی نەوت نامێنێت".
 
شیروان دووبەردانی رەخنەی تووند لە حکومەتی عێراق دەگرێ و دەڵێت، "بەئەنقەست بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکات بۆ ئەوەی قەوارەکەی لاواز و سنووردار بکات و هیچ شتێک بەناوی هەرێمی کوردستانەوە نەمێنێت، لە کاتێکدا چاوپۆشی لە گەندەڵییە بێشومارەکانی نێو دامەزراوەکانی خۆی دەکات."
 
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆ بوەوە و هەرچەندە چاوەڕواندەکرا لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا بڕیار لەبارەی ناردنی مووچەی مانگی شەشی هەرێم بدرێت، بەڵام کۆبوونەوەکە بێ باسکردنی ئەو بڕگەیە کۆتاییهات.
شاندێکی هەرێمی کوردستان رۆژی چوارشەممەی رابردوو لە بەغدا لەبارەی داهاتی نانەوتی، بودجە و پرۆژەی "هەژماری من" زنجیرەیەک گفتوگۆی چڕوپڕی کرد، بەڵام بێ گەیشتنە ئەنجامێکی یەکلاییکەرەوە گەڕایەوە هەرێمی کوردستان. 
حکومەتی عێراق بۆچوونی وایە دەبێ حکومەتی هەرێمی کوردستان 50٪ی هەموو داهاتێکی رادەست بکات و ئەوەش خاڵێکی ناکۆکییە. 
دواین زانیارییەكان ئاماژە بەوە دەكەن، هەولێرو بەغداد تاڕادەیەك لەسەر پرسی رادەستكردنی نەوت بە (سۆمۆ) بەگوێرەی ئەو بڕەی كە هەیە گەیشتونەتە رێككەوتن، بەڵام لەسەر داهاتە نانەوتییەكان كە بەغداد داوای 120 ملیار دیناری مانگانە دەكات ناكۆكی هەیەو هەرێم بەم بڕە پارەیە قایل نییە.

 
2025-08-10
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.