کوردستان

ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو بڕیار لەبارەی مووچە دەدرێت

نهانیوز-هەواڵەکان

 ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو  لە کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار لەسەر پرسی مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەدرێت .

ئەمڕۆ پێنجشەممە 7ـی ئابی 2025، میدیای پارتی بڵاویکردەوە کۆبوونەوەکانی شاندی هاوبەشی وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ شاندی هاوبەشی وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێریی فیدراڵی کۆتایی هاتن، بەڵام هیچ ڕێککەوتنێکی کۆتایی لە بارەی داهاتی نانەوتی نەکراوە و شاندەکەی هەرێم گەڕایەوە هەولێر.

ئاماژەی بەوەش کراوە شاندی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ شاندی عێراق، وتوێتی، بە پێی یاسای بودجە و یاسای ئیدارەی دارایی فیدراڵی،  ئامادەین 50%ـی داهاتی فەرمانگە فیدراڵییەکان بۆ بەغدا بنێرێن، بەڵام شاندی عێراق داوای 50%ـی تەواوی داهاتی نانەوتی هەرێمی کردووە.

هەروەها  شاندی عێراق لە بارەی بە ئەلیکترۆنیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، پێشنیازی کردووە، کە بانکی ڕافیدەین دۆسیەی مووچەخۆرانی پرۆژەی هەژماری من وەربگرێت، واتا بانکی ڕافیدەین مانگانە مووچەی مووچەخۆران بۆ بانکەکانی بەشداربوو لە پرۆژەی هەژماری من بنێرێت.

بڕیارە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، گفتوگۆ لە بارەی هەردوو ڕاپۆرتی شاندەکانی هەرێم و عێراق دەکرێت، ئەگەر سوودانی ڕەزامەندیی لەسەر بدات، ئەوا هەر هەمان ڕۆژ بڕیار لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەدرێت.

سەبارەت بە پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە سەرباری لێدوانەکانی وەزیری نەوتی عێراق لە بارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕیارێک لەو بارەیەوە نەدراوە. 

 
2025-08-07
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.