سودانی بۆ نەوت و مووچەی هەرێم دواین وادەی دیاری كرد
نهانیوز-هەواڵەکان
كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كۆتایی هات و گفتوگۆی ئەرێنی لەسەر لەسەر دۆسیەی نەوتی هەرێم و داهات هەرێمی كوردستان كراوە و بڕیاریشە لە كۆبوونەوەی هەفتەی داهاتوودا دوابڕیار لەسەر مووچەی هەرێم دەدەن.
ئەمڕۆ سێشەممە 5ی ئاب کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەڕێوەچوو و كەمێك لەمەوبەر كۆبوونەوەکە كۆتایی هات.
بە گوێرەی میدیاكانی پارتی لە زاری سەرچاوەی ناو كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بڵاویانكردەوە،، لە پرسی نەوت-دا، وەزیری نەوتی عێراق ڕاپۆرتی لیژنەكانی سەبارەت بە كێڵگە نەوتییەكان پێشكەش كردووە و ڕایگەیاندووە، كە كێڵگە نەوتییەكان زیانیان پێ گەیشتووە و لە داهاتوودا بەرهەمهێنانی نەوت زیاد دەكاتەوە، بەڵام لە ئێستادا بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم گەیشتۆتەوە ١٤٠ هەزار و بڕی ٥٠ هەزار بەرمیلی دەدرێتەوە بە هەرێم و ئامادەن بڕەكەی تری، كە ٩٠ هەزار بەرمیلە ئامادە وەری بگرن تا ئەو كاتەی ڕێژەكەی زیاتر دەبێت.
هاوكات، تەیف سامی، وەزیری دارایی ڕایگەیاندووە، كە هێشتا ڕاپۆرتی دارایی لەسەر داهاتی ناوخۆ تەواو نەبوو و وتویەتی، “سیستمی هەژماری داهات لە عێراق و هەرێم هەندێك جیاوازی هەیە، بۆیە هەندێك كاتی زیاتریان دەوێت تاوەكو یەك دەخرێت و ڕاپۆرتی كۆتایی ئامادە دەكەن”.
هەر بەپێ زانیارییەكان، كە لە زاری وەزیرە كوردەكانەوە بڵاوكراوەتەوە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران ماوەی یەك هەفتەی دیكەی بۆ وەزیری دارایی دیاری كردووە تاكو ڕاپۆرتی خۆیان لەسەر داهاتی نانەوتی تەواو بكەن و لە كۆبوونەوەی هەفتەی داهاتوودا دوابڕیار لەسەر مووچەی هەرێم دەدەن.
لای خۆشیانەوە، وەزیرە كوردەكان داوایان لە وەزیرانی نەوت و دارایی عێراق و سەرۆك وەزیران كردووە هەماهەنگ بن لەگەڵ هەرێم، چونكە دۆخی دارایی فەرمانبەرانی هەرێم خراپە و ماوەی سێ مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە.
|