نها نیوز – هەواڵەکان
سەرەرای لێكتێگەیشتن و رێككەوتنی پێشینەی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدراڵ، كێشە بۆ رەوانەكردنی مووچەكانی مانگی حوزەیران و تەمموزی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دروست بوەو ئەندامێكی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیش، هۆكارەكەی بۆ رادەستنەكردنی نەوت و داهاتی نانەوتی لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە دەگێڕێتەوە.
شیروان میرزا ئەندامی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، رایگەیاند، یەکێک لە خاڵەکانی رێککەوتن و لێکتێگەیشتنی نێوان هەرێم و بەغدا پەیوەندی بە نەوتەوە هەیەو هەتا ئێستا نەوت هەناردە نەکراوە و نەرۆیشتوە و بەرهەمهێنان نەگەیشتوەتە ئەو ئاستەی بەغدا پێی رازی بێت.
دەشڵێت، "ئەگە نەوت و داهاتی نانەوتی بۆ بەغدا نەنێردرێت کێشەی مووچە بەردەوام دەبێت و مووچەی مانگی 6 و7 بە هەناردەی نەوت و ناردنی داهاتی نانەوتی بەستراوەتەوە.
لەلایەکی ترەوە، د. موسەننا ئەمین، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە میدیای یەکێتیی راگەیاند، بەغداد سێ مەرجی هەیە بۆ ناردنی مووچە كە دەبێت مانگانە هەرێم نیوەی داهاتەكەی رادەستی بەغداد بكات و نەوت لە رێگای كۆمپانیای سۆمۆوە هەناردەبكرێت و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بەبانكی بكرێت.
وتیشی، "هەڵوێستی حكومەتی عێراق لەسەر رێككەوتنەكان نەگۆڕدراوە و كە دەبێت نەوت لە رێگای كۆمپانیای سۆمۆوە هەناردەبكرێت و ئامادەیە كرێی كۆمپانیا نەوتییەكان بدات كە لە هەرێم كاردەكەن".
موسەنا ئەمین ئاماژە بەوەشدەکات، هیچ وادەیەک بۆ هاتنی مووچە نییە و حکومەتی هەرێمی کوردستان تا ئێستا ئامادەنییە دەست لە نەوت هەڵبگرێت.