نها نیوز – هەواڵەکان
ئەمڕۆ شەش کەس لە هەرێمى کوردستان لە کاتى مەلەکردندا خنکان، بەوەش کۆی گشتی ئاماری خنکان لەم ساڵدا گەیشتە 43 کەس کە زۆربەیان تەمەنیان لە 25 ساڵ کەمترە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرگری شارستانی هەرێمی کوردستان ئاماری خنكان لە ڕووداوە جیاجیاكانی ناوچەكانی هەرێم بڵاودەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، تەنها ئەمڕۆ 6 كەس خنكاون.
ئەمرۆ دووشەممە 4ی ئابی 2025 بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرگری شارستانی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەم ئێوارەیە دوو هاونیشتمانی لە پۆندی پریس لە پارێزگای هەڵەبجە خنکان، کە یەکێکیان لەدایکبووی ساڵی 2003 و قوربانییەکەی دیکە لەدایکبووی ساڵی 1994.
ئاماژەی بەوەشداوە، تەنیا ئەمرۆ 6 کەس خنکاون، بۆیە داوا لە هاووڵاتیانی خۆشەویست، دایک و باوکان، گەنجانی ئازیز دەکەین، دووربکەونەوە لە مەلەکردن، سروشتی ئاوەکان لە هەرێمی کوردستان شیاوی مەلەکردن کردن نین و سەلامەتی خۆت لەهەموو شتێک گرینگترە.
ڕاشیگەیاندووە، کۆی گشتی ئاماری خنکان لەم ساڵدا گەیشتە 43 کەس کە زۆربەیان تەمەنیان لە 25 ساڵ کەمترە.
جەختیشی كردۆتەوە، گرنگە دایک و باوکان بەهیچ شێوەیەک رێگا بە منداڵەکانیا نەدەنن بچنە ئەم شوێنانە بۆ مەلەکردن: زێ ، ڕووبار، بەنداو، پۆند و گۆماوەکان.
پێشتریش راگەیاندنی بەرگریی شارستانیی ئاکرێ رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوار گەنج لە رووباری خازر لە سنووری گوندی قایماوەی سەر بە بەردەڕەش خنکاون، تەرمی هەر چواریان دەرهێنراوەتەوە.
بەرگریی شارستانیی ئاکرێ دەشڵێت، چوار گەنجەکە تەمەنیان لەنێوان 17 بۆ 22 ساڵیدایە و دانیشتووی شارۆچکەی بەردەڕەش بوون.