کوردستان

ململانێی پارتی و سودانی دەگاتە لوتکە و بەرپرسێکی باڵای دیکەش دێتە گۆڕەپانەکەوە

نها نیوز – هەواڵەکان

سیاسەتمەدارێکی دیار و ناسراوی سوننە "مەشعان جبوری" دژی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەوەستێتەوە و هێرشی توندیشی دەکاتە سەر، پاش جیابوونەوەی خۆی لە پرۆژە سیاسیەكەی سودانی دەڵێت "سودانیی گۆڕاوە و خۆی بە كەسی یەكەمی دەسەڵات دەبینێت".

مەشعان جبوری، سیاسەتمەداری دیار و ناسراوی سوننە کە نزیكیشە لە سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لە میدیای پارتی بەتوندی هێرشی دەکاتە سەر محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و بەوە تۆمەتباری دەکات كە دەستی داوەتە "تاكڕەویی و گەندەڵی و بەشێوەی جێبەجێكردنی ڕاستەوخۆ پرۆژەی قەبە و گرانبەها دەداتە كاندیدەكانی بۆ ئەوەی سوودمەندبن".

لەبارەی هۆكاری تێكچوونی پەیوەندییەكانی لەگەڵ سودانی، مەشعان ئاشکرایکرد "هۆکاری تێکچوونی پەیوەندیەکە لە ئەستۆی سەرۆك وەزیرانە كەلە ساڵی كۆتایی ویلایەتەكەیدا لەخۆی گۆڕاوە و خۆی وەك كەسایەتی یەكەمی دەسەڵات دەبینێت و تەنیا گرنگی بەوانە دەدات لە پرۆژەكەیدا پشتیوانی دەكەن و دەستی بە گەندەڵی كردووە".

هاوكات لەگەڵ رەخنەكانیشدا جبوری ستایشی ئاوەدانكارییەكانی سەردەمی سودانی و دابەزینی ئاستی تایفەگەری لەسەردەمی ئەودا كرد و وتیشی "هەموو بڕیارێكی بەدەست نییە و لەلایەن چوارچێوەی شیعییەوە كۆتوبەند كراوە".

جێی ئاماژەیە، مەشعان جبوری بە سیاسەتمەداری سوننەی سرت دەركەوتووە و سەرۆكی حزبی ئەلوەتەنە لە پارێزگای سەلاحەدین و پەیوەندی تایبەتی لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستاندا هەیە.

جگە لەوەش، لەئێستادا پارتی دیموکراتی کوردستان چووەتە بەرەی نەیارەکانی سودانییەوە پاش ئەو هەڵوێستانەی بەم دواییانە لەبارەی پرسی مووچە و بودجەی هەرێم نواندی.
 
2025-08-04
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.