فێڵەکەی سودانی لەسەر ئاڵۆزکردنی دۆخی مووچەی هەرێم ئاشکرا دەکرێت
نها نیوز - هەواڵەکان
سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایکردووە، ئاڵۆزبوونی دۆخی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم نزیکیی وادەی هەڵبژاردن و نەمانی پاڵپشتی پارتیش بۆ سودانی هۆکارەکەیەتی.
د. یوسف محەمەد، سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند "عێراق لەبەردەم پرۆسەی هەڵبژاردندایە و تادێت لە وادەی بانگەشەی هەڵبژاردن نزیک دەبینەوە، ئەمە جگە لەوەی خوێندنەوەی بەرپرسانی هەرێم بۆ شەڕی ئێران و ئیسرائیل هەڵە دەرچوو".
وتیشی "هەڵبژاردن و ڕاست دەرنەچوونی گرەوی بەرپرسانی هەرێم بۆ شەڕی ئێران و ئیسرائیل، دۆخی مووچەخۆرانی هەرێمی ئاڵۆزتر کردووە".
د. یوسف محەمەد ئاماژەی بەوەشدا، نزیکیی وادەی هەڵبژاردن وایکردووە هیچ لایەک نەرمی بەرامبەر یەکتری نەنوێنێت، "سودانی پاڵپشتی پارتی لەدەستداوە و ئاراستەکەی بەرەو لای قاسم ئەعرەجی و عەدنان زورفی گۆڕیوە".
ئاشکراشیکرد "سودانی کە لای پارتی لەدەستداوە، ترسی لەوەش هەیە لە ئەگەری نەرمی نواندندا بەرامبەر هەرێم، چوارچێوەی هەماهەنگی ئەم نەرمییە لەدژی بەکاربهێنن، بۆیە هەڵوێستی توندە و دەیەوێت دەنگی شەقامی شیعی بەدەستبێنێت".
|