لەژێر فشارێکی قورس سەرۆکی شارەوانی سەیدسادق دەستی لەکارکێشایەوە
نها نیوز – هەواڵەکان
ئەندازیار حەمزە محەمەد ڕەشید، سەرۆکی شارەوانی سەیدسادق لەنوسینێکدا دەڵێت "لـە بـازنەی دەسەڵاتدارێتی هـــەرێمــدا، سـەختتریـن كار ئەوەیە بێلایەنێكی دەستەمۆنەكراو بیت"
دەقی نوسراوەکەی سەرۆکی شارەوانی سەیدسادق:
بۆ/ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانی / کارگێڕی و خۆیەتی
بابەت/ بەخشین لە پۆستی سەرۆکی شارەوانی
بەڕێزان من ئەندازیار ( حمزە محمد ڕشید ) ماوەی (٤)ساڵ و (٧) مانگە وەک سەرۆکی شارەوانیی سەیدصادق دەستبەکارم . لەم ماوەیەدا خودا و خەڵکی ویژدانساغ بە شاهێد دەگرم، کە چەند دڵسۆزانە و ماندوونەناسانە و لێبڕاوانە و بێلایەنانە کارم کردووە و هەوڵمداوە خزمەتی خەڵکە بەشمەینەت و پەراوێزخراوەکەی شاری سەیدصادقی ئازیز بکەم.
سوپاس بۆ خودا بە سەربەرزیی و پاکێتی دەستمانپێکرد و لە ئێستاشدا لە لووتکەی پاکێتیی و تێوەنەگلانەوە ، داوای بەخشین لە پۆستەکەمان دەکەین.
لەماوەی دەستبەکاربوونمان ؛ بۆ بەرەوپێشبردنی کارەکانمان و خزمەتی شارەکە ، زیاد لە ( ٥٠ ) جار سەردانی هەولێری پایتەختمان کردووە بۆ ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ، ئەمە جگەلە سەردانیکردنی لایەنی دیکەی پەیوەندیدار لە پارێزگای سلێمانی ؛ کە لە ئەنجامدا لە ڕێگەیەوە توانیومانە بڕی چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاریی بچوک و مامناوەند و گەورە لە شارەکەماندا جێبەجێبکەین . وە چەند پرۆژەیەک بخەینە بواری جێبەجێ کردن و بانگەوازەوە .
سەرباری ئاڕاستەکردنی دەیان و سەدان دەرخستەی تایبەت بە خزمەتکردن و جوانکردنی سەیدصادقی بێناز، بۆ سەرووی خۆمان ؛ بەڵام چەندین لەمپەر و ڕێگر هاتنە پێش لە گەیشتن بە خزمەتکردنی ڕاستەقینە بە سەیدصادق ؛ گەورەترین بەربەستیش پاساوی قەیرانی دارایی دروستکراو بوو کە ئێستاش هەر بەردەوامە لەلایەک ، بێلایەنی و نەچوونەژێرباڵ و چەپۆکی خواستی کەسیی هیچ بەرپرسێکی حیزبیی و حکومیی لە لایەکی دیکە، کە بەداخەوە ئەمەیان لە قەیرانی دروستکراوی دارایی خراپتر زیانی بە حوکمڕانیی ئەم هەرێمە گەیاندووە؛ بەجۆرێک دەتوانین بڵێین لە بازنەی دەسەڵاتدارێتی ئەم هەرێمەدا، سەختترین کار ئەوەیە، بێلایەنێکی پاکی دەستەمۆنەکراو بیت و ئەهلی خونکیکردن و چاوپۆشیی نایاسایی نەبیت.
بەهیواین ئەوەی لەدوای ئێمە ئەم پۆستە وەردەگرێت؛ خزمەتی بەرچاو بە سەیدصادقی ئازیز بکات و لەبری دڵڕاگرتنی حیزب و بەرپرسی نابەرپرس، بیری لای خودا و خەڵکی ئەم شارە خۆشەویستە بێت.
ئەندازیار / حەمزە محمد ڕشید
سەرۆکی شارەوانی سەیدصادق
٤ / ٨ / ٢٠٢٥
|